ئەمڕۆ دوو شەممە بەرواری 7ى ربیع االاول 1444 بەرامبەر بە 3-10-2022 ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئيسلامی بەسەرپەرشتی مامۆستا عرفان علی عبدالعزیز ڕابەری گشتی لە شاری سلێمانی کۆبوەوە
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ڕاگەیەنراوێک لە ئەنجومەنی شورای بزوتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان
ئەنجومەنی شورا بە بۆنەی يادی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوایەتی درودی خوای لەسەربێت پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم مسولمانانی كوردستان و جيهان دەکات، هيوادارين ئةو يادە پڕ شکۆیە ببێتە مایەی زياتر گەشەکردنی ئيسلام و مسوڵمانان لە كوردستان و جيهان، وە داواش دەکات لەسەرجەم مەڵبەند و ئۆرگانەکانی کە گرنگی و بایەخی تایبەت بەو بۆنە پیرۆزە بدەن.
ئەنجومەنی شورا دۆخی ئێستای عیراق و کوردستانی تاوتوێ كرد و هيوای خواست لە ڕێگای گفتوگۆ و لە یەکتر گەیشتنەوە هێزە سياسيە كوردستانيەکان بگەن بە ڕێگای چارەی گونجاو بۆ ڕزگارکردنی عێراق و لەو دۆخە نەخوازراوەی كە لە ئێستادا تێیکەوتوە و داواش دەکات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی كوردستان یەکڕیزی و بێ لایەنی خۆی لەسەرجەم کێشەکانی ناوچەکە بپارێزێت.
ئەنجومەنی شورا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم مەڵبەند و ئۆرگانەکانی بزوتنەوە دەکات کە توانيان بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئاینی و ئەخلاقی و حیزبی مەرکەزیەتی سەرجەم ئۆرگانەکان بپارێزن.
وە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، یەکڕیزی و تەبایی تێکڕای ئەنجومەنی شورا و سەرجەم ئۆرگانەکان ئاماژە و زامنی سەرکەوتنە لە داهاتوودا.
سەبارەت بەو هەڵا ڕاگەیاندنە كە دوێنێ لە بەشێک لە ميدياكان بڵاوکرایەوە، ئەنجومەنی شورای بزوتنەوە بە نیگەرانیەوە بۆ ئەو ڕوداوە دەڕوانێت، لەکاتێکدا کە هەموو لایەنەکان ئێستا لە هەموو كات زياتر پێویستان بە یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی هەیە، بەتایبەتی هێزە ئیسلامیەکانی كوردستان کە گەلەکەمان بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕوبەڕوی کۆمەڵێک شالاوی فیکری و بەدڕەوشتی و بەدئەخلاقی بوەتەوە کە ئێمە مسوڵمان دەبێت خۆمان بە پارێزەری شوناس و ئاکاری گەلەکەمان بزانين.
ئالةو کاتەدا چەند کەسێک كە نەیانتوانیوە متمانەی کۆنگرەی دوانزە بەدەست بهێنین و بەدەستلەملانێ لەگەڵ کەسانێک کە لە مێژووی بزووتنەوەدا هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەکی و ناکۆکی بوونەوە لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەدا جارێکیتر هەوڵی لێکترازان و دووبەرەکیان دایەوە لەناو ڕیزەکانی بزوتنەوەی ئيسلاميدا.
بە هەمولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەنجامەکانی کۆنگرەی دوانزە لە رووی شەرعی و ياسايی و سياسييەوە قەبول کراوە و کۆتایی پێهاتوە و جا ئەوانەی كە ئێستا بە بزوتنەوەی ئيسلامی رازی نين، ڕێگایەکە خؤيان هەڵیانبژاردوە و ئێمە ناوەستین لە كاروانی ڕابونی ئیسلامی و ڕێبازی شەهید و سەرکردەکانمان.
دۆخی بزوتنەوەی ئيسلامی سەقامگیرە و هەموو ڕێکارێکی ياسايش دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شکۆ و مێژوو و مەرکەزیەتی بزوتنەوە.