دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی كە لە سەرەتای ئەم مانگە لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی هەولێر كرا، لە هەولێرەوە رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە.
سەرچاوەك لە دادگای ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەمە 26ی ئەم مانگە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، دەستەی شارستانی بە نووسراوی ژمارە (742) دۆسیەی پێداچونەوەی (لاهور شێخ جەنگی) ڕەوانەی دادگایی بەرایی سلێمانی كردەوەو بڕیارە رۆژی یەكشەمە بگاتەوە دادگای سلێمانی و دادگاییكردنی ئەو دۆسێیە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لەسەر بافڵ تاڵەبانی لە دادگای سلێمانی تۆماری كرد، لە مانگی ئایاردا رەوانەی بەغداد كرا، دواتر لە بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرایەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی هەولێر كرا، ئەمجارە لە دادگای هەولێریشەوە رەوانەی دادگای سلێمانی دەکرێتەوە.
بەپێی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە رۆژی 11/5/2022 لە دادگای كەرخی بەغداد لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە هاتووە: بافڵ تاڵەبانی هەستاوە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتەو لە كۆنگرەدا دەنگی بەدەستهێناوەو متمانەی پێدراوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی حزبی پێشێلكردووە، هاوكات گۆڕانكارییەكان پێچەوانەی بڕیارەكانی فەرمانگەی رێكخراوو حزبە سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقە، داواكارن ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزبدا كراوە رابگیرێت. دوای ئەوەی لەسەر داوای بریكاری یاسایی بافڵ تاڵەبانی كەیسەكە لە دادگای كەرخی بەغدادوە گواسترایەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی، بریكاری یاسایی لاهور شێخ جەنگیش داوایكردووە كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێم. بە پێی نوسراوی داواكاریی بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگی كە دەست (درەو) كەوتووە تیایدا هاتووە: بریكارەكەم (لاهور شێخ جەنگی) لە دادگای كەرخی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە لەبەر ئەوەی لە حزب دووریخستووەتەوە، ئەمەش كارێكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە. پارێزەری بافڵ تاڵەبانی داوایكردووە كەیسەكەی لە بەغدادەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی سلێمانی ناوچەی ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیە، هێزە حزبیەكانی بافڵ تاڵەبانی دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگیان گرتبوو، بۆیە داواكارین كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ هەر دادگایەك لە پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان جگە لە سلێمانی. لە نووسراوێكی تردا سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستەی شارستانی داوای لە دادگای بەرایی سلێمانی كردووە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی پێداچوونەوە. لە ئێستاشدا دۆسێكە لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە رەوانەی دادگای سلێمانی دەكرێتەوە.
درەو