هەولێر.. لە شەڕی زاوا و خەزووردا پێنج کەس دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی شەڕی نێوان زاوا و خەزوور لە گەڕەکی بەهاری نوێ بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، پێنج کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و کەسێکیش برینداربووە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، شەڕەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 22-9-2022 بەهۆی “کێشەیەکی کۆمەڵایەتی” روویداوە. 

لە روونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێردا هاتووە، “بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە دەمەقاڵێ لەنێوان زاوا و خەزورێک دروست دەبێت و تێیدا چەک بەکاردێت و کەسێک بە گولـلە بریندار دەبێت.”

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای رووداوەکە هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر – بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەردوو لایەنی شەڕکەریان دەستگیرکردووە کە پێکهاتبوون لە پێنج کەس.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەوانەی دەستگیرکراون رەوانەی بنکەی پۆلیسی شادی کراون بۆئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێتەوە و رێڕەوی یاساییان بەرامبەر بگیرێتە بەر.

ھەواڵی زیاتر