لاهور شێخ جەنگی یەکەم زەنگی دروستکردنی حیزبی لێدا

ئەندامێکی دوورخراوەی سەرکردایەتی یەکێتی کە کەسێکی نزیکی لاهور شێخ جەنگیە، یەکەم زەنگی دروستکردنی حیزبی لێدا و داوای کرد ئەندامانی حیزبەکە خۆیان بۆ قۆناغێکی تازە ئامادە بکەن.

پێشتر باڵکێش لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لاهور شێخ جەنگی، بە نیازە حیزبێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-عێراق دابمەزرێنێت.

شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی دورخراوەی سەركردایەتی یەكێتی له‌په‌یامێكدا ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “ئەوانەی ڕۆژێك لەڕۆژان تێكۆشاون لەناو یەكێتی، پێویسته‌ خۆیان بۆ قۆناغێكی تر ئامادەبكەن”، ده‌شڵێت:”پێویستە ئارامی خۆتان بپارێزن‌و خۆتان ڕێكبخەن، مەرج نییە لەداهاتودا ناسنامەكە وەك خۆی ببێتە چوارچێوەی كۆكردنەوەتان، بەڵام بیروباوەڕو ئامانجەكانیان دەكرێ ببنە دروشم‌و ڕێبازی تێكۆشانیان لەوێستگەیەكی تری كاری ڕێكخراوەیی”.

دەقی پەیامەکەی شادمان مەلا حەسەن

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان

یەكێتیی لە ئێستادا لە ئاستەنگ و ئالەنگاریەكی گەورەی رێكخراوەیی وحوكمڕانی و مێژوویدایە ,چونكە سەد لەسەد پێچەوانەی بنەما سەرەكیەكانی خۆیەتی كە لەسەری دامەزراوە .ئەوانیش حزبی بنەمالە نابێت .باوەڕی بە ئازادی و فرە مینبەری هەیە ,حزبێكی چەپ و دیموكراتە .ئەم چەند خالە و چەندین دروشم و ئامانجی تر لە رابردوودا وایكرد بەدەیان هەزار كەس لەم رێگایەوە گیانی خۆی بكاتە قوربانی و بەسەدان هەزار كەس بەشداری كۆڕی خەبات بكات لە چوارچێوەی رێكخستنی رێكخراوەكانی ناو یەكێتیی . بۆ ئەوەی جەماوەر و كادیر و ئەندامانی یەكێتیی نێگەران نەبن و زیاتر لەم حزبە وەك بیر و باوەڕ دوور نەكەونەوە ,پێویستە ئارامی خۆیان بپارێزن و خۆیان رێك بخەن ,چونكە ئەوان خاوەنی یەكێتیی راستەقینەن .مەرج نیە لە داهاتوودا ناسنامەكە وەك خۆی ببێتە چوارچێوەی كۆكردنەوەیان ,بەلام بیروباوەڕ و ئامانجەكانیان دەكرێ ببنە دروشم و رێبازی تێكۆشانیان لە وێستگەیەكی تری كاری رێكخراوەیی ,بۆیە ئەركی سەر شانی هەموو ئەوانەیە كە رۆژێك لە رۆژان تێكۆشاون لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ,خۆیان بۆ قۆناغێكی تر ئامادە بكەن ,بۆ ئەوەی بیر و باوەڕ و مێژووی یەكێتیی راستەقینە بەبەرزی بمێنتەوە و بخرێتەوە خزمەت كۆمەلانی خەڵكی كوردستان بۆ خزمەت كردنیان و رزگاركردنیان لە نادادی و گەندەلی و تەسك كردنەوەی نەفەسی ئازادی

ھەواڵی زیاتر