بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ دژەتیرۆر و زانیاری کۆبووەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەزگای دژەتیرۆر – CTG لە سلێمانی لەگەڵ دەزگای ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاریی ھەرێم، دەزگای ئاسایشی ھەرێم، سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتا، بەڕێوەبەرایەتی دەزگای دژەتیرۆر و ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەنراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا ھەنگاوەکانی چەسپاندنی یاسا، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارانی یاسا و ھەموو ئەو کەسانەی کاری نایاسایی ئەنجام دەدەن و موڵک و زەوی و زاری گشتییان داگیرکردووە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و دوایین پێشھاتە ئەمنییەکان و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تاوتوێكرا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنانی كرد و وتی، لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زار و موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت. هیچ كەسێك مافی بەكارهێنانی پۆست و ناونیشانی خۆی نییە بۆ شكاندنی یاسا. لە چەند رۆژی رابردووشدا بە دەستگیركردنی یاساشكێنان جارێكی تر سەلماندتان كەس لەسەروو یاساوە نییە، بۆ ئەمەش سوپاس و پێزانینتان ئاڕاستە دەكەم.
لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە ئارامی و سەقامگیریی هەرێم كرد و وتی، بە هەمووشێوەیەك رووبەڕووی تیرۆریستان دەبینەوە و رێوشوێنە ئەمنییەكان توندتر دەكەینەوە. ئارامی و ئاسایشی كوردستان هێڵی سوورە و بەهەموو شێوەیەك دەیپارێزین.