ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 2022.8.21، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازیمان لە سوزوکى کوتارو، باڵیۆزى ژاپۆن لەعێراق و شاندى یاوەرى کرد.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە لەدیدارەکەدا، وێڕاى بەخێرهێنانى باڵیۆزى ژاپۆن و شاندى یاوەرى، هیواى سەرکەوتنمان بۆى خواست لەبەرنامەى سەردانەکەیدا و خۆشحاڵى خۆمان بەو هەماهەنگى و هاوکارییەى لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ژاپۆن نیشاندا و ڕامانگەیاند: “ولاتى ژاپۆن ئەستیرەیەکى دیارە لەنێو وڵاتانى جیهان و دەخوازین زیاتر پەرە بەپەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، کە سەبارەت بە پڕۆژەکانى (جایکا) لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، تیشکمان خستەسەر ئەوەى کە لەماوەى ڕابردوودا لەگەڵ کونسڵى ژاپۆن لەهەولێر بەهەماهەنگى (جایکا) لەبوارى خزمەتگوزاریدا چەندین پڕۆژە ئەنجامدراوە، ئێستاش دوو پڕۆژەى دیکەى گرنگى خزمەتگوزارى هەن کەوێڕاى پاڵپشتیکردن، هەرچى ئاسانکارى هەیە پێشکەشى دەکەین تاوەکو ئهم پڕۆژانهش بەسەرکەوتووى ئەنجامبدرێت، هەروەها دووپاتمان کردەوە بەشێوەیەکى گشتیى هەنگاوەکانى وڵاتى ژاپۆن لەهەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەخت بەرز دەنرخێنین و سوپاسى کونسڵى وڵاتى ژاپۆن لەهەولێر دەکەین کە هەمیشە هەماهەنگ و هاوکارمان بووە.
لەکۆتایشدا جەختمان لەپڕۆژەى ریسایکلینى زبڵ و خاشاک و ئاوى زێرابى هەولێر کردەوە کە لەلایەن (جایکا) بهگوژمهى (288) ملیۆن یۆرۆ لەهەولێر پایتەخت ئەنجامدەدرێت، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى گەورە و ستراتیژییە و بەتەواوبوونى جگە لە خزمەتگەیاندن بەهاوڵاتییانى شارى هەولێر، پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ولاتى ژاپۆن بەهێزتر دەکات.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر