دەقی پەیامەکە:
بۆ بەڕێزان
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سكرتاریەتی مام جەلال
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی یەكێتی
مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتی
دەستەی كارگێڕ و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی
ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی
ئەنجومەنی باڵای بەرژوەندی و سیاسی یەكێتی
بابەت / نان بڕینی سەدان كارمەندی راگەیاندن و ئۆرگانەكانی یەكێتی
بەڕێزان، وەك ئاگادارن لەسەرەتای ئەم مانگەوە و كاتێك دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی دامەزراوە میدیاییەكان و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی (ی.ن.ك) دەستیپێكرد، بڕینی مووچە و كەم كردنەوە و سفركردنەوەی مووچەی ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی میدیا و دامەزراوەكانی یەكێتیان كردووە كە بەشێكیان لەهەمان كاتدا كارمەندی حكومی بوون، رووداوێكی شۆك هێنەر بوو، ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە و نان بڕینیان كارەساتێكی ناخ هەژێن بوو، هەروەها بڕینی بودجەی چەند ناوەند و دامەزراوەیەكی دیكەی یەكێتی لەوانەش دیارترینیان (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر) كە لەلایەن تێكۆشەرێكی دێرین و هەڤاڵێكی ماندووی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت هێندەی تر دۆخێكی نالەباری دروستكردووە.
بەڕێزان، ئێمە وەك ژمارەیەكی زۆر لەمیدیاكاران و هەڤاڵانی مەكتەبی راگەیاندن و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەمانەوێت بۆ رایگشتی و هەڤاڵانی بەرپرسی یەكێتی ئەم چەند خاڵە بخەینە روو…
1.بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاكات و مووچە دەكەین، بەڵام نەك ئەوانەی كارمەندی حكومەتن راستەوخۆ مووچەیان ببڕێت و سفر بكرێتەوە، بەڵكو دەكرێت بەچاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرە، رێز لەكاركردنی چەندین ساڵەیان بگیرێت و مووچەكانیان لەگەڵ مووچەكانی حكومەتیان بۆ رێك بكرێتەوە رێژەیەك دیاری بكرێت و دەشزانین كە لەهەندێك مەكتەب و ئۆرگاندا پێوەی (800 هەزار تاوەكو 1200) هەزار دینار دیاریكراوە، واتە دەبێت كارمەندان لەو بڕە مووچە بەهەردوو مووچە حزبی و حكومییەكان تێنەپەڕێت، چونكە زۆر دەزگای تر ئەوەش پەیڕەوە نەكراوە.
2.ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەشی كە مووچەیەكی حزبیان هەیە و لەحكومەتدا نین، دەكرێت مووچەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، تاوەكو بڕی پارەی بەردەستی ئەنجامی چاكسازییەكان شەفافی پێوە دیار بێت.
3. داواكارین چاو بەمووچە و نەسریەی هەڤاڵانی دەستەی كارگێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكە بخشێندرێتەوە.
4. نیگەرانین كە تا ئێستا هیچ هەڤاڵ و سەركردەیەكی یەكێتی لەسەر ئەم پرسە نەهاتوونەتە دەنگ و روونكردنەوەیان نەداوە و بەو هۆیەشەوە وایلێهاتووە سۆشیال میدیا بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری گەرمی رۆژانە و كاریگەری خراپی لەسەر دەروونی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دروستكردووە بەوانەی دەركراون و نانیان بڕاوە و ئەوانەشی كە هێشتا لەئۆرگانەكان كاری خۆیان دەكەن.
5. ئاگادارین لەئێستاوە لەلایەن پارت و كەسایەتییە سیاسیە دیار و سەرمایەدارەكانی كوردستان دەستكراوە بەكڕین و كۆكردنەوەی ئەو كادارانەی مووچەیان كەم كراوەتەوە یان نانیان بڕاوە، دڵنیایی دەدەین ئەمە وادەكات هێندەی تر یەكێتی لەرووی راگەیاندن و رێكخستنەوە روو لەپاشەكشە بكات و باجێكی قوڕس دەدات،ئەمجارە لەوەی ساڵی 2009 و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە بووە هۆكاری كەم بوونەوەی كورسی و دەنگەكانی یەكێتی .
لەكۆتاییدا پێمانوایە ئەمەی ئێستای یەكێتی دەستیداوەتێ ئەو گومانەی بۆ دروست كردووین كە پێدەچێت سەركردەكان بە فیتی حیزب و كەسایەتی دیكەی پارتە دیار و خاوەن پێگە و پارە پێیان كراوە و ئامانجیش بۆ زیاتر بچووك بوونەوە و كەم بوونەوەی دەنگەكانی یەكێتیە لەهەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی كوردستان.
ئومێد دەكەین هاوشێوەی كەناڵی ئاسمانی كوردسات بەرەچاوكردنی دادپەروەری و رێزگرتن لەتێكۆشان و ماندووبون و تەمەن بەخشینی كادران و هەڤاڵان ئەو بڕیارە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە تاوەكو لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 8 هەڤاڵانی رێكخستنەكان كە ئێستا ئەوانیش داوای دوا مووچەی حزبیان لێكراوە وەك هەڤاڵانی راگەیاندنكار و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێریان لێنەیەت كە تائێستا سەرجەم راگەیاندنكارەكانیان بەحزبی و حكومییەوە مووچەی مانگی 7 یان وەرنەگرتووە و بودجەی دەزگاكەش بەتەواوی لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە راگیراوە.
ژمارەیەك لەمیدیاكار و كادران و هەڤاڵانی دەركراوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
18/8/2022