سەرۆک بارزانی گفتوگۆی نێوان سەدام و بەرەی کوردستانی دەگێڕێتەوە

لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە سەرۆک مەسعود بارزانی بە ناونیشانی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان 1991-2002) نووسیویەتی، باسی دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان حکومەتی بەعسی عێراق و بەرەی کوردستانی دەکات.

سەرۆک بارزانی لە یادەوەرییەکەیدا باسی یەکەم دیداری نێوان خۆی و سەدام حوسێن دەکات، دوای ئەوەی 182 هەزار کورد ئەنفال کران و دەڵێت، “بینینی سەدام بۆ من ساتێکی پڕ لە ئازار و ناخۆش بوو”.

دەستپێکردنی دانوستاندنەکان و کشانەوەی دامودەزگاکانی رژێم

سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 91ی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا نووسیویەتی: “رۆژی 13ی ئاداری 1991، نامەیەکمان بە ناوی سەددامەوە بۆ هات کە تێیدا داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی کردبوو، حاجی عوبێد نامەکەی هێنابوو. پاش ئەوە بانگهێشتی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانیم کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا نامەکەمان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە وەڵامی نامەکە بدەینەوە و ئاماژە بەو خاڵە کرا کە گفتوگۆ و دانوستاندن هەمیشە بژاردەی یەکەممان بووە و ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ”.

نامەبەرەکە بەر هێرشی فڕۆکە کەوت

سەرۆک بارزانی باسی گەڕانەوەی حاجی عوبێد دەکات کە وەڵامی نامەکەی سەدامیان پێداوە و دەڵێت، “لە کاتی گەڕانەوەیدا سەیارەی حاجی عوبێد کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکان و سەیارەکەی بەتەواوی سووتا و خۆشی بە موعجیزە رزگاری بوو، وەڵامەکەی ئێمەش بۆ نامەکە کە لە گیرفانی قەمسەڵەکەیدا بوو، هەر لەناو سەیارەکەدا سووتابوو. دوای حاجی عوبێد، موکەڕەم تاڵەبانی و غاندی محەمەد حەسەن دزەیی لەلایەن حکومەتەوە راسپێردران بۆ هاتووچۆ و قسەکردن سەبارەت بە دانوستاندن. وەڵامەکانمان هەمیشە ئەرێنی بوون. دواتر کە حاجی عوبێد گەڕایەوە و بابەتەکەی بۆ گێڕاینەوە، وێنەیەکی تری نامەکەمان رادەستی کردەوە. ئەوەبوو هەتا حاجی عوبێد نامەکەی گەیاندە شوێنی مەبەست، رژێم کەرکووکی گرتەوە. دیاربوو رژێم لای خۆی وای مەزەندە کردبوو نامەکەمان پشتگوێ خستووە، بەڵام کاتێ رژێم کەرکووکی گرتەوە، ئێمە لە ناچاری و لاوازی وەڵامی دەدەینەوە. لە حاڵێکدا وانەبوو ئێمە وەڵاممان دابووەوە، بەڵام نامەکە لەناو سەیارەیەکی حاجی عوبێددا سووتابوو”.

ناردنی یەکەم شاند بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەعس

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “رۆژی 8ی نیسانی 1991، مام جەلال برووسکەی بۆ کردم کە رژێم لە رێگەی دارا تەوفیق ئاغاوە پەیامێکیان ناردووە و داوای گفتوگۆیان کردووە و داوای رای منی کردبوو، منیش لە وەڵامدا پێم راگەیاند کە من رازیم.

پاشان لەسەر ئەوە رێککەوتین کە سەرەتا لەسەر داوای رژێم شاندێک بنێرین بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و هەڵسەنگاندنی رەوشەکە، شاندەکە لەم هەڤاڵانە پێکهاتبوو: فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، عومەر فەتاح، فەرەیدوون عەبدولقادر و موقەدەم دارا تەوفیق ئاغا”.

دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە 15ی نیسانی 1991، سەرۆک بارزانی دەیانبینێت و لەوبارەوە دەڵێت، “دواتر شاندەکە سەردانی مام جەلالیان کرد لە شارباژێڕ، شاندەکە وایان نیشاندا گوایە رژێم ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن و دەرسی لە رابردوو وەرگرتووە. دوای ئەوە جارێکی تر حاجی عوبێد گەڕایەوە و نامەیەکی تری بەغدای هێنابوو. ئەمجارە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ رابردوودا هەبوو و لەخۆباییبوونیان پێوە دیاربوو، بۆچوونەکانمان راست و دروست دەرچوون کە بەغدا وا تێگەیشتبوون ئێمە لە ناچارییەوە وەڵاممان داوەتەوە. پەیامەکانی رژێم لە رێگەی موقەدەم داراوە بەردەوام بوون و، ئەوەیان لێ دەخوێندرایەوە کە رژێم چاوەڕێی سەردانی شاندی بەرەی کوردستانی دەکات بۆ بەغدا”.

چوونی مام جەلال بۆ بەغدا و پێداگریکردنی لەسەر چوونی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیاندا

سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت، “رۆژی 18ی نیسانی 1991، سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی لە کەلەکین کۆبووەوە. دوای تاوتوێکردنی بابەت و بارودۆخەکە بڕیاردرا شاندی بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی مام جەلال سەردانی بەغدا بکات و ئەگەر دەرفەتی رێککەوتن هەبێت، ئەوە فرسەتێکی باشە و لەدەست نەدرێت، شاندی بەرەی کوردستانی پێکهاتبوو لە: مام جەلال، نێچیرڤان بارزانی، ئازاد بەرواری، سامی عەبدولڕەحمان، رەسووڵ مامەند و عومەر فەتاح”.

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “مام جەلال زۆر پێداگری کرد بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانیی لەگەڵ بنێرم، هەروەها نامەیەک بە دەستخەتی خۆم بنووسم و دەسەڵات بە مام جەلال بدەین بۆ رێککەوتن. رۆژی دواتر لە 19ی نیساندا، شاندی بەرە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت. بە لاسلکی رۆژانە سێ جار پەیوەندیمان بە مام جەلالەوە دەکرد. لە پەیوەندییەکاندا وێنەیەکی زۆر ئەرێنییان نیشان دەدا، کە بارودۆخەکە زۆر باش و ئیجابییە و زەمینەیەکی باش و گونجاو هەیە بۆ لێکگەیشتن و نزیکبوونەوە. ئەوکات شاندی بەرە لە بەغدا بوو، مادام میتران هات بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکات. بۆیە رۆژی 22ی نیسانی 1991، بۆ پێشوازیی لە ناوبراو، سەردانی حاجی ئۆمەرانم کرد و بە برووسکەیەک هەواڵم بۆ نەوشیروان مستەفا نارد و پێداگرییەکی زۆرم کرد بۆ ئەوەی بێت و پێکەوە پێشوازییان لێ بکەین و دواجار نەوشیروان مستەفاش هات”.

 پێشوازیی سەرۆک بارزانی، نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوول لە مادام میتران

پێشوازیی سەرۆک بارزانی، نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوول لە مادام میتران

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتی گەیشتنی مادام میتران، پرسیاری مام جەلالی کردووە. “منیش لە وەڵامدا گوتم: بە مەبەستی گفتوگۆ لە بەغدایە. مادام میترانیش رایگەیاند: ئەگەر رێگە چارەسەرییەکی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە زۆر باشە، بەڵام متمانە بە رژێم نەکەن. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێتە سەر هێڵ”.

رۆژی 25ی نیسانی 1991، شاندی بەرەی کوردستانی لە بەغدا گەڕایەوە و سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی دەچنە حوجران بۆ پێشوازیکردن لێیان.

سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا وەکو سەرۆکی شاندی بەرەی کوردستانی

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “رۆژی 30ی نیسانی1991، سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی جارێکی دیکە کۆبووەوە، دوای گفتوگۆیەکی ورد بڕیار درا کە شاندی بەرەی کوردستانی سەردانی بەغدا بکاتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەموویان داکۆکی و پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی ئەم جارە من سەرۆکایەتیی شاندی بەرە بکەم بۆ بەغدا. مام جەلالیش لەوێ رایگەیاند، کە لە بەغدا تێگەیشتنێکی وا هەیە ئەگەر جەنابت نەچیت، جددییەت لە بابەتەکەدا نییە و قەناعەتیان نایەت و دڵنیا نابن”.

سەرۆک بارزانی باسی رووداوەکانی پێش سەردانەکەی دەکات و دەڵێت، “لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سۆرانەوە، نامەیەک کەوتە دەستمان کە بڕیاری لەسێدارەدانی ژمارەیەک بارزانییەکانی تێدا بوو. لەوانە دوازدە کەسیان برا و ئامۆزای من بوون. من ئەو نامەیەم پیشانی مام جەلال و دواتر پیشانی بەشداربووانی تریشم دا و پێم راگەیاندن کە من هەموو شەهیدانی کوردستان لە ئەنفال و کیمیاباران بە خزم و کەسوکاری خۆم دەزانم و بۆ من هیچ جیاوازییەکیان نییە و دەشزانم هەموویان شەهیدی رێگەی ئازادی و رزگاریی کوردستانن، بەڵام بۆ من ئیحراجییەکی گەورەیە، چونکە بۆ هەمووتان ئەنفالەکان لە دەوروبەرەکەتان، یان خزم و کەسی دوورتانن، بەڵام بۆ من کەسانی نێو خێزانەکەمن. من سەردانی بەغدا بکەم، منداڵ و کەسوکاریان دێن و پرسیاری چارەنووسیان دەکەن، ئێوە خۆتان لە شوێنی من دابنێن! دوای ئەوە پێداگری و داکۆکییەکی زۆریان کرد، سەرەنجام رازی بووم و پێم گوتن: باشە دەچم، بەڵام من ناچم گاڵتە بە بابەتەکە بکەم، ئەگەر بینیم و هەستم کرد دەرفەتی لێکتێگەیشتن هەیە و مادام لە بەغداین رێککەوتنەکە دەکەین، ئەگەر نا، ئەمەیان بابەتێکی ترە”.

لە درێژەی ئەو بابەتەدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، “من نامەیەکم بە خەتی مام جەلال و ئیمزای هەموویان وەرگرت، کە دەستم کراوە بوو و دەسەڵاتی تەواوم پێ درا لە هەموو روویەکەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا. لە راستیدا ناخۆشترین و تاڵترین بڕیار کە لە ژیانمدا داومە ئەوە بوو کە بچم بۆ بەغدا و ئەو کەسانە ببینم وا دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەم سوورە و، ئەو هەموو تاوانانەیان بەرانبەر گەلەکم کردووە”.

سەردانی بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ رژێم

سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت، “رۆژی 60ی ئایاری 1991 بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتین، پاسەوانەکانی رژێم هاتبوونە گوندی کۆڕێ، سنووری نێوان سوپای رژێم و هێزی پێشمەرگە. عەقید روکن وەلید نایف، ئەفسەری ئیستخباراتی سەربازی و بەرپرسی هۆبەی کوردستان هاتبوو و پاسەوانی لەگەڵ بوو. ئێمەش ناوی خوامان هێنا و بەڕێ کەوتین، شاندەکەمان پێکهاتبوو لە: ئەندامانی پارتی: جەوهەر نامیق سالم، فازڵ میرانی، دکتۆر رۆژ، ئازاد بەرواری و دکتۆر جەرجیس. ئەندامانی یەکێتی: نەوشیروان مستەفا (لەسەر داوا و پێداگریی من هات)، کۆسرەت رەسووڵ و موقەدەم دارا. ئەندامانی سۆشیالیست: رەسووڵ مامەند و دکتۆر مەحموود عوسمان. لە پارتی گەلیش سامی عەبدولڕەحمان. کە گەیشتینە بەغدا، سەرەتا لە هۆتێل رەشید شوێنی مانەوەیان بۆ دیاری کردین. دوای چەند رۆژێک گواستراینەوە بۆ خانووی میوانان لە جادرییە، بەڕاستی لە رووی پرۆتۆکۆلییەوە رێزێکی زۆریان لێ گرتین”.

پێشوازیی لە شاندی بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی

پێشوازیی لە شاندی بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی

شاندی ئەوکاتی حکومەتی عێراق پێکهاتبوو لە: عیزەت دووری، عەلی حەسەن مەجید، تارق عەزیز، سابیر عەبدولعەزیز دووری و وەفیق سامەڕائی، سەرۆک بارزانی دەڵێت، “جارێکیش حوسێن کامل ئامادەی کۆبوونەوەکان بوو و، زۆر بە حەماقەت جووڵایەوە”.

وێنەیەکی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا لەگەڵ وەفیق سامەرائی

وێنەیەکی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا لەگەڵ وەفیق سامەرائی

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، “هەندێ جاریش خەڵکی شارەزایان دەهێنا ناو دانیشتنەکە، وەک مونزر شاوی (مامۆستا و شارەزای یاسای دەستووری و لە 1998 تا 1991 وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بوو و لە 2000 تا رووخانی رژێم وەزیری داد بوو)، یەکەم کۆبوونەوە تەنیا وەک یەکترناسین بوو. قسەکان ئاسایی و موجامەلە بوون. دواتر رۆژانە کۆبوونەوەمان هەبوو و، چەندین لیژنە دامەزران بۆ ئامادەکردنی رێککەوتننامەکە”.

بینینی سەدام

لە لاپەڕە 97ی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە سەرۆک مەسعود بارزانی باسی یەکەم بینینی سەدام لەدوای رووداوەکانی ئەنفال و کیمیاباران دەکات و دەڵێت، “رۆژی 8ی ئایاری 1991، وەک شاندی بەرەی کوردستانی سەردانی کۆشکی کۆماریمان کرد و لەگەڵ سەدام کۆبووینەوە. دیتنی سەدام بۆ من ساتێکی پڕ ئازار و ناخۆش بوو، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت ددانم بە خۆمدا گرت. سەرەتا سەدام بەخێرهاتنی کردین و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و رایگەیاند کە رێنمایی و ئامۆژگاری بە تیمی حکومەت داوە، بۆ ئەوەی زۆر بە کراوەیی و ئیجابی دانوستاندن لەگەڵ شاندی بەرەی کوردستانی بکەن. دواتر هەستاین و گەڕاینەوە هۆتێل رەشید”.

کۆبوونەوەی دووقۆڵی سەرۆک بارزانی و سەدام حوسێن

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “رۆژی دواتر هاتنە لام و پێیان راگەیاندم کە سەدام داوا دەکات کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ دوو قۆڵی لەگەڵم کۆبێتەوە. منیش ئەندامانی شاندەکەم لە داواکەی حکومەت ئاگادار کردەوە. هەموویان رازی و پێیان باش بوو. بۆیە رۆژی 10ی ئایار من و سەدام دووقۆڵی کۆ بووینەوە.”

لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەدام حوسێن، سەرۆک بارزانی دەڵێت، “رێزێکی زۆری گرتم و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە و سەردانەکەم نیشاندا و گوتی: ‘سەردانەکەت جێی رێز و تەقدیرێکی زۆر لە رادەبەدەرە بۆ من. من زۆر باش هەست بە بارودۆخەکە دەکەم و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین’. دواتر گوتی ‘هەردووکمان ئەزموونی زۆرمان بەسەردا هاتووە، بۆیە پێداگرییەکی زۆرم کرد کە جەنابت بێیت بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆنکرێتی ئیمزا بکەین. حەزدەکەم ئەگەر هەستت کرد لە گفتوگۆکاندا لە بابەت یان خاڵێکدا پێویستی بە من هەیە، ئاگادارم بکەوە’ “.

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “منیش سوپاسم کرد بۆ پێشوازییەکەی و پێم راگەیاند: ‘ئێمەش پێمان خۆشە و حەز دەکەین ئەم دەرفەتە لە دەست نەدرێت. ئێستا دەرفەتێکی لەبارە، چونکە هەموو لایەنەکانی بەرەی کوردستانی یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن و کەم جار ئەمە رووی داوە، بەڵام رێککەوتنێکمان دەوێت هەموومان هەست بە سەربەرزی بکەین و رێککەوتنەکە خۆی بەرگری لە خۆی بکات و پێویستی بە بەرگریی کەس نەبێت’ “.

“زانیم ئەنفالکراوەکان کەسیان نەماون”

سەرۆک بارزانی باسی درێژەی گفتوگۆکەی لەگەڵ سەدام حوسێن دەکات و زیاتر دەڵێت، بە سەدامی گوتووە: “جەناب، زۆر باش لەبیرمە تۆ چ رۆڵێکی گەورەت بینی لە رێککەوتننامەی 11ی ئازاری 1970-دا، ئێستاش چاوەڕێی هەمان رۆڵ و هەڵوێستت لێ دەکەم، کە بە گیانی رێککەوتنی ئازار رێککەوتنی نوێ بکرێت. تۆش باش دەزانیت زۆر ئاستەم بوو، بۆ من کە بێم بۆ ئێرە، بەڵام هاتم چونکە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و عێراقدایە لە بری بیر لە زامەکانی رابردوو بکەینەوە، بیر لە لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە بۆ داهاتوو و، هەموو ئەو خوێنەی رژاوە بە فیڕۆ نەچێت.. خاڵێکی تریش کە زۆر گرنگە بۆمان، چارەنووسی هەموو ئەو خەڵکە بێسەروشوێنەی کوردە، حەزدەکەین بزانین چونکە کەسوکاریان چاوەڕێمان دەکەن هەواڵێکیان بۆ ببەینەوە”.

سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک ئەو بابەتەی لەگەڵ سەدامدا باسکردووە چەند چرکەیەک بێدەنگ بووە، دواتر پێی گوتووە، “هەندێ رووداو روویاندا خۆزگە روویان نەدابووایە، پێویستە هاوکاری یەکتر بین لەپێناو نەهێشتنی ئاسەوار و شوێنەوارەکانیان و هەر کەس زیندوو بێت ئازاد دەکرێت”، سەرۆک بارزانی دەڵێت، “ئەوکات زانیم کەسیان نەماون. تەنیا نزیکەی 20 کەس لە بەندیخانەی ئەبوغرێب مابوون و ئەوانیش ئازاد کران. ناوی کەسێکیان لە بیرم ماوە بە ناوی فەرەیدوون دارتاش کە خەڵکی سلێمانی بوو”.

“سەدام چاییەکەی خۆی بۆ من دانا و ئەوەی منیشی بۆ خۆی دانا”

سەرۆک بارزانی زیاتر باسی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی خۆی و سەدام دەکات و نایشارێتەوە کە بە هەڵسوکەوتێکی سەدام سەری سوڕماوە و دەڵێت، “لە کاتی هێنانی چا، هەڵسوکەوتێکی زۆر سەیرم لە سەدام دیت. کاتێ چاکەیان دانا، سەدام دەستی دایە چایەکەی خۆی و بۆ منی دانا و چایەکەی منیشی بۆ خۆی دانا. لێتان ناشارمەوە لەو کاتەدا ئەوەم بە مێشکدا هات، کە لەوانەیە چایەکەم ژەهری تێدا بێت، بەڵام هەڵسوکەوتێکی موحرج بوو و چایەکەم خواردەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش هەر چاوەڕێی دەرکەوتنی هێما و نیشانەکانی ژارەکەم دەکرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ رووی نەدا”.

پێشنیازی کوشتنی سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەدرێتە سەدام

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “جارێکیان من و مام جەلال پێکەوە سەردانی بەغدامان کرد. ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتیی بەعس چووبوونە لای سەدام و پێیان راگەیاندبوو کە هەموو سەرکردایەتیی کورد لێرەیە، با تەسفیەیان بکەین”.

سەدامیش پێی گوتبوون، “زۆر شوورەییە و کارێکی دوورە لە رەوشت، میوانی ئێمەن و نابێت بیر لە بابەتێکی لەم شێوەیە بکرێتەوە. جگە لەمەش، بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن هاتوون، ئەگەر رێککەوتن نەکرا و گەڕانەوە، ئەگەر ئازان ئەوکات لەناویان ببەن”.

لە رووداو وەرگیراوە

ھەواڵی زیاتر