سەرۆكی هەرێم: هێشتا برینی ئێزیدیەكان خوێنی لێ دەچۆڕێ

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی جینۆسایدكردنی  ئێزدیەكان و شەنگالەوە پەیامێكی ئاڕاستەی كەسوكاریی قوربانیەكان كرد، تێیدا هاتووە، بەداخەوە تا ئێستا برینی براو خوشكە ئێزیدیەكانمان خوێنی لێدەچۆڕێت .

دەشڵێ: ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ يادى شه‌ش ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان و كاره‌ساتى شه‌نگال ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هيچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌كدا مرۆڤايه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جيهان شۆك ده‌كات

دەقی پەیامەکە:

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يادى كاره‌ساتى شه‌نگال

ئه‌مڕۆ به‌ ئازارێكى قووڵه‌وه‌ يادى شه‌ش ساڵه‌ى جينۆسايدى ئێزدييان و كاره‌ساتى شه‌نگال ده‌كه‌ينه‌وه‌. به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و خوشك و برا ئێزدييانه‌مان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ بوونه‌ قوربانيى تاوانكارييه‌كى بێهاوتاى تيرۆرستانى ‌داعش. هيچ كه‌سێك بڕواى نه‌ده‌كرد له‌ سه‌ده‌ى بيست و يه‌كدا مرۆڤايه‌تى جارێكى دى مه‌رگه‌ساتێكى وا ده‌بينێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو جيهان شۆك ده‌كات. سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى قوربانيانى كاره‌ساتى شه‌نگال و ته‌واوى خوشك برايانى ئێزدى.

له‌ كاتێكدا ئه‌م ياده‌ به‌ئازاره‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هێشتا برينى خوشك و برايانى ئێزديمان خوێنى لێ ده‌چۆڕيت و به‌ هه‌زارانيان له‌ كه‌مپه‌كانى ئاواره‌ييدا ده‌گوزه‌رێنن. شه‌نگال و ناوچه‌كانى ديكه‌ى ئێزدييان هێشتا ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و زه‌مينه‌يه‌كى له‌بارى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ژيانيان تێدا نييه‌. شه‌نگال كراوه‌ته‌ مۆڵگه‌ى چه‌كدارانى ناياسايى كه‌ بێباكانه‌ له‌سه‌ر برين و خه‌مى ئێزدييان خه‌ريكى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌جێندا و به‌رنامه‌ى سياسيانن.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى بۆ دابينكردنى سه‌قامگيرى و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و كردنى به‌ پارێزگا به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و ئيداره‌ى پارێزگاى مووسڵ هه‌موو هاوكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ك ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش كار ده‌كات تا به‌ هاوكاريى يووئێن و يوونيتاد ئه‌و تاوانه‌ به‌ جينۆسايد ده‌ناسرێت و تاوانكاران ده‌درێنه‌ دادگا و قوربانييان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌. 

خوشك و برايانى ئێزدى به‌ هه‌زاران ساڵ له‌سه‌ر زێدى خۆيان بڕوا و ئايينى خۆيان پاراستووه‌ و هه‌ميشه‌ هۆكارێكى گرنگ و كاراى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى بوون و بۆ هه‌ميشه‌ هه‌روا ده‌مێننه‌وه‌. له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌و كولتووره‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌موو پێكهاته ئايينى و نه‌ته‌وه‌يييه‌كان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ كوردستان به‌ لانكه‌ى ئارام و پارێزراوى هه‌مووان ده‌مێنێته‌وه، هه‌روه‌ها به‌ڵێنيش بۆ كه‌سوكارى ڕفێنراوان دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ له‌ گه‌ڕان و ڕزگاركردنيان و هه‌وڵدان بۆ زانينى چاره‌نووسيان به‌رده‌وام ده‌بين.

سڵاو له‌ گيانى پاكى ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ى به‌ سه‌رپه‌رشتيى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، شه‌نگاليان ڕزگار كرد و له‌وپێناوه‌دا گيانيان به‌خشى. سوپاس و پێزانين بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ هاوكارييان پێشكه‌ش به‌ ئێزدييان كرد. خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ دابينكردنى دادپه‌روه‌رى و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵياندا ده‌بين.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

ھەواڵی زیاتر