ئەگەر کەسێک لە حەج بمرێت تەرمەکەی چی لێ دەکرێت؟
دایکی کام بەرپرسی باڵای کوردستان لە حەج مرد و سعودییە ڕێگەی نەدا تەرمەکەی بھێنرێتەوە؟
حکومەتی عەرەبستانی سعودی، ساڵانە چەندین گۆڕ ئامادە دەکات بۆ ئەو حاجیانەی جیھان کە لە مەراسمی حەج لە وڵاتەکەیدا کۆچی دوایی دەکەن.
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردووشدا، زیاتر لە سەد حاجیی هەرێمی کوردستان لە حەج کۆچی دواییان کردووە و لە مەککە نێژراون.
یەکێک لەو حاجییانە دایكی د. محەمەد ئیحسان وەزیری پێشوتری مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو وەزیرە زۆر ھەوڵیداوە تەرمەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام بەرپرسانی سعودییە ڕازی نەبوون و ناچار ساڵی دواتر د.محەممەد ئیحسان خۆی چووە سعودیە بۆ حەج و زیارەتی گۆڕی دایکی.
مەریوان نەقشبەندی کە وەک بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، زیاتر لە ١٥ ساڵ سەرپەرشتیی تیمی حاجیانی هەرێمی کردووە، بۆ باڵکێش ئاماژە بەوە دەکات کە: بەشێوەیەکی گشتی سعودیە حەز ناکات ئەو حاجیانەی وەفات دەکەن لە مەراسیمی حەج بگەرێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان. مەریوان دەڵێت «ئەگەرچی فەرمانێکی رەسمی لە حکومەتی سعودیە بۆ ئەم مەبەستە نیە ،ئەبێ ئەوەش بڵێم زۆربەی حاجیانی جیھان و بەتایبەتیش حاجیانی ھەرێم حەز دەکەن ئەگەر لەکاتی حەج و عومرە کۆچی دوایی بکەن ھەر لەشاری مەککە یان مەدینە بە خاک بسپێردرێن، چونکە بە خاکێکی پیرۆزی دەزانن و گۆڕی پێغەمبەری ئیسلام دخ و ھەزاران ھاوەڵی پێغەمبەری لێیە».
مەریوان نەقشبەندی ئەوەش زیاد دەکات کە: ئەو حاجیەی لەشاری مەککە بمرێت، دەبرێتە ناو حەرەمی کەعبە کە بە (بیت )ناسراوە و ھەموو حاجیان نوێژی مردوی لەسەر دەکەن و دواتر دەبرێت بۆ گۆڕستان.