“ڕووداوەکانی هەشتی تەممووز هەوڵێک بوو بۆ گێرانەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەستێکی ئەمین”

ئەژی ئەمین پەیامێکی بڵاو کردەوە:

دەقی پەیامەکەی:
بە بۆنەی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم موسوڵمانانی جیهان دەكەم، ئومێدەوارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەرەكەت بۆ هەموو موسوڵمانان بە گشتی و موسوڵمانانی كوردستان بە تایبەتی.
هاونیشتیمانیانی كوردستان سەرمایەیەكی مرۆیی گەورەن كە خاوەن مێژوویەكی پاك و بێگەردن و هەمیشە لەسەنگەری بەرخودان و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركەراندا بوون. شایەنی ئەوەن هەتا ئەوپەڕی خزمەت بكرێن و ژیانێكی پڕ كامەرانی و شكۆ بەسەربەربن.
لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەكی تایبەت ئاڕاستەی هەموو تێكۆشەر و خەباتگێڕە ماندونەناسەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكەم و دەستی ماندووبوون و خەباتیان دەگوشم، گرنگە بە ڕۆحێكی نیشتیمانیانەوە هاوكارمان بن بۆ سەركەوتنی هەوڵەكانمان تاوەكو ناوماڵی یەكێتی ڕێك بخەینەوە و یەكێتی بكەینەوە بە هەوێنی خەباتی نەتەوەیی و داینەمۆی گۆڕانكارییەكان.
لە ساڵیادی ڕووداوەكانی هەشتی تەمووزدا جێگای خۆیەتی بڵێین ڕوداوەكانی هەشتی تەمووز هەوڵێك بوو بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی دەزگا ئەمنییە هەستیارەكان بۆ دەستێكی ئەمین و بە نیشتیمانیكردنیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی حكومەتدا لە خزمەتی خاك و نەتەوەكەمان بن لە هەر چوارپارچەی كوردستان، و هەوڵێك بوو بۆ گەڕاندنەوەی ئیرادەی بڕیاردان بۆ یەكێتی و دوورخستنەوەی لە هەژموونی ئیقلیمی و حستنەخزمەتی حیزبەكەمان بوو بە پاراستنی ناوماڵی كورد نەك هەر لایەنێكی تری عێراقی. بەداخەوە دواتر گۆڕانكارییەكان لەسەر شاڕێی چاكسازی لابران و بە فشاری ناوخۆیی و ناوچەیی هەوڵدرا چاكسازییەكان پەكبخرێت بەڵام لێرەوە بەڵێن دەدەین كە تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەو چاكسازییانە دەست هەڵناگرین و بەردەوام دەبین، هەروەها لە كاتی خۆیدا زانیاری تایبەت بەو ڕووداوانە بۆ خەڵكی كوردستان دەخەینەڕوو.
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووبارە فشارەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە شێوەیەكی نوێدا خۆی پیشان داینەوە و دووبارە هێرشكرایەوە سەر كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم دۆخە بەرەنجامی گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق و كێشمەكێشمەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە، بەداخەوە هێرشكردنە سەر كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیداری و سەربازی خۆمان پێشهاتێكی نوێیە، هیوادارین ئەم ڕووداوە پلان بۆ داڕێژراو نەبێت و هۆكارەكەی كاڵفامی و ناشارەزایی سیاسی و سەربازی ئەم تاقمە بێت كە دەستیانگرتووە بەسەر هێزە ئەمنیەكاندا و بە مەبەست نەبووبێتن بە بەشێك لەو فشارانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان.
لێرەوە داوا لە سەركردایەتی سیاسی كورد، سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەم لە سۆنگەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانەوە سیاسەتەكانیان دابڕێژنەوە و ئاڕاستەكان هەڵبژێرن نەك هەموو هیواكان بە بەرەیەكدا هەڵبواسن و دواتریش گەلەكەمان لێی زەرەرمەند بێت.
لەكۆتاییدا داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم گوێ نەدەن بەو دەنگە نەشازانەی كە بانگەشە بۆ داگیركەرانی كوردستان دەكەن و دەیانەوێت كوردستان دەستبەرداری مافە دەستوورییەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی ببێت، ئەو دەنگە نەشازانە هاوشێوەی ئەو خۆفرۆشانەن كە لە ساڵانی پێشوودا پێش سوپای داگیركەر دەكەوتن بۆ وێرانكردنی گوند و شارەكانی كوردستان، ئێستاش ئەمانە تەواوكەری هەوڵی داگیركەرانن بۆ بچووككردنەوە و لاوازكردنی كوردستان، بۆیە ڕێگەیان پێ مەدەن و بە زبڵدانی مێژوویان بسپێرن.

ئەژی ئەمین
لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاری
٨ی تەمووزی ٢٠٢٢

ھەواڵی زیاتر