شاندێکی پارتی دەچێتە بەغدا

ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری پارتی ئاشکرای دەکات، دوای جەژن، بەشێوەیەکی جدیی گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ بابەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق، لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکاتەوە.

د. ڤیان سەبری، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ بەغدا، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ‘زۆربەی دانوستانەکان بەشێوەیەکی جدیی دوای جەژن دەست پێ دەکەن. لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دوای کشانەوەی سەدر، ئێستا پارتی گەورەترین حزبی سەر ئاستی هەرێمی کورستان و عێراقە، هەروەها لەنێو ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە هەمان شێوەیە، دوای پارتی سیادەیە و دوای ئەویش چوارچێوەی هاواهەنگییە’.

لەبارەی چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا، ئەندامەکەی شاندی پارتی دەڵێ: “لەلایەن سەرۆك مەسعود بارزانی، شاندێکی پێنج کەسی بە سەرۆکایەتیی د. فواد حوسێن بۆ چوونە بەغدا پێکهێنراوە، خۆشم ئەندامی شاندەکەم”.

هاوکات د.ڤیان سەبری گوتیشی: “هەر وەک چۆن کاک مەسعود رای گەیاند، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بەرنامەی حکوومەتە لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بێت، ئەوەی دیکە گرنگ نییە كێ دەبێت بە سەرۆک وەزیر و سەر بە چ لایەنێک دەبێت، بەڵکوو رێککەوتن لەسەر ئەو سێ بنەمایە بۆ ئێمە گرنگە”.

هەرچی دەربارەی بابەتی سەرکۆمارە، کە ئاخۆ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی بۆ دیاریکردنی کەسێک چی دەکەن، کە هەردوو لا لەسەری رێک بکەون، د. ڤیان سەبری دەڵێ: “تا ئێستا بەربژێری پارتی (رێبەر ئەحمەد)ە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش لە گفتوگۆکانماندا جەختی لەسەر دەکەینەوە”.

ھەواڵی زیاتر