خۆڵبارینی ئەفریقی دەگاتە عێراق

به‌شی “پێشبینی” له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مشه‌و شه‌پۆلێكی خۆڵبارین له‌ باكووری كیشوه‌ری ئه‌فریقیاوه‌ روو له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی عێراق و به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

حه‌یده‌ر حه‌بیب، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشبینی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی عێراق رایگه‌یاند، دره‌نگانی ئه‌مشه‌و 30ـی نیسان / ئه‌پرێڵی 2022 شه‌پۆلێكی خۆڵبارین له‌ باكووری ئه‌فریقیاوه‌ روو له‌ به‌شی باكوور و رۆژئاوای عێراق ده‌كات.

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ راشیگه‌یاند، خۆڵبارینه‌كه‌ پارێزگاكانی كه‌ركووك و نه‌ینه‌وا ده‌گرێته‌وه‌، جیا له‌وه‌ش به‌غدا و ژماره‌یه‌ك پارێزگای دیكه‌ی ناوه‌ڕاستی عێراق ده‌گرێته‌وه‌.

كه‌شناسی عێراق راشیگه‌یاند، ئه‌و خۆڵبارینه‌ بارسته‌ هه‌وایه‌كی گه‌رمیش له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێ، به‌هۆیه‌وه‌ پله‌كانی گه‌رما تاوه‌كو 30 پله‌ی سیلیزی به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

كه‌شناسی عێراق روونیكرده‌وه‌، خۆڵبارینی ئه‌فریقی تا ئێواره‌ی دووشه‌ممه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئاستی بینین كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

K24

ھەواڵی زیاتر