پۆلیسی نەوت و گاز: باندێکی کونکردن و دزینی نەوتنی کوردستانمان دەستگیرکرد

پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان رایگەیاند گرووپێکی سێ کەسیی کوردیان دەستگیرکردووە کە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان لەسنووری گوندی دۆڵەزەی ناحییەی قوشتەپە دەستگیربکەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی شوباتی 2022، بڵاویکردووەتەوە ئاشکرایدەکات” کاتژمێر 1:30 ی رۆژی 9ی شوباتی 2022، هێزەکانمان توانیان گروپێکی دزی نەوت و کونکردنی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە سنوری گوندی دۆڵەزەی ناحیەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستگیربکەن کە تاوانباران ڕاستەوخۆ لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکران و پێکهاتبوون لە سێ کەسی بە رەگەز کورد و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێکی تانکەر جۆری ئیسکانیا هەڵگری تابلۆی (عێراق- سلێمانی) کە بوری نەوتی هەرێمی کوردستانیان کونکردبوو و بە سۆندەیەکەوە لکاندبوویان و بە تانکەر نەوتەکەیان بار کردبوو”.

هەروەها هاتووە”یەکێک لە تاوانباران هەڵگری ناسنامەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سلێمانیین ، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخرا و رادەستی دادگای تایبەتمەند کران”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و گاز لەهەرێمی کوردستان لەراگەیێنراوەکەیدا دەڵێت” هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزەکانمان هەمیشە لە ئامادەباشی دان بۆ ڕێگری کردن لە دزینی سەرچاوەی داهات و سامانی ئابووری هەرێمی کوردستان”.

ھەواڵی زیاتر