بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لە سبەی پێنجشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێت ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاستەوە، لە سەرەتادا لە پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەوە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات، ئێوارە ناوچەکانی تر دەگرێتەوە. بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەهۆی یەکگرتنی لەگەڵ پاڵەپەستۆی دەریای سوورەوە کاریگەرییەکانی ئەوشەپۆلە چڕتر دەبێتەوە”.
گوتیشی: “پێشبینی دەکرێت رێژەی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووی 50 ملیم و لە سەنتەری شارەکان بەتایبەتی هەولێر زیاتر لە 30 ملیم باران ببارێت”.
بەڕێوەبەری کەشناسی راشیگەیاند: “پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت”.
روونیکردەوە: “لە قۆناغی یەکەمدا ئەو شەپۆلە لە رۆژی یەکشەممە کاریگەرییەکانی کەم دەبێتەوە، بەڵام رۆژی دووشەممە و سێشەممە چالاک دەبێتەوە، دەتوانین بڵێین ئەمە یەکەم شەپۆلی سەرەتای وەرزی زستانە بەشێوەیەکی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و دڵەڕاوکێی جووتیاران بڕەوێنێتەوە، لە زۆربەی ناوچەکان پەڵە دەدات”.
فازڵ ئیبراهیم، ئەوەشی خستەڕوو: “بەهۆی بارینی رێژەیەکی زۆری باران ببارێت، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی راپەڕین، بارانبارینی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا وا دەکات لە هەندێک شوێن ئاو کۆببێتەوە، بۆیە پێویستی بە خۆپارێزی هەیە”.
K24