11 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێ

هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست بە ئامادەکاری دەکەن بەمەبەستی دابەشکردنی ١١ هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێ دراوە.


بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی، ئەمڕۆ سێشەممە 14ی كانوونی یەكەمی 2021 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و عەبدوڵڵا حاجی محموود وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان كۆبوونەوە.

ئاماژە بە ئەوە دراوە کە ئامانجی ئەو دیدارەی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان گفتوگۆكردن بوو لەسەر میكانیزم و چۆنیەتی بە خێرایی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، كە پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا زیاتر لە 11 هەزار پارچە زەوی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەسەر ئەو توێژەدا دابەش بكرێت و ئێستاش بڕیارەكەی دەچێتە باری جێبەجێكردنەوەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تاوتوێی چۆنیەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە كرا تاكوو لە ماوەیەكی زوودا بخرێتە باری جێبەجێكردن و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ڕێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەلایەن هەردوو وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگیرێتەبەر و لە ماوەیەكی زوودا ئەو 11 هەزار پارچە زەوییە بەسەر كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت.

ھەواڵی زیاتر