سالار تاوگۆزی: هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێواری داڕووخاندایه‌

چاودێری و ره‌خنه‌گری بواری ئیسلامی سیاسی، د. سالار تاوگۆزی، رایگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیدا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كردووه‌ و سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان خه‌ڵك فێری جنێو ده‌كه‌ن و فیتنه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێواری داڕووخاندایه‌ و رۆژانه‌ 10 تا 15 ماڵ شاره‌كه‌ به‌جێده‌هێڵن.

له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ گه‌شتی كاتژمێر (06:00)ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆی كه‌ناڵی كوردستان24، سالار تاوگۆزی گوتی: توندوتیژی زاده‌ی كولتووری خێڵه‌كیانه‌ی كوردیی و كولتووری خێڵه‌كیانه‌ی ئاینیی عه‌ره‌به‌ و ئه‌و توندوتیژیانه‌ ته‌نیا له‌ناو ئاییندا نین.

گوتیشی: له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ مێژووییه‌كی توندوتیژی هه‌یه‌ و پێشتر له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی بزووتنه‌وه‌ سروودێكیان فێری منداڵان ده‌كرد، كه‌ ده‌یوت ئه‌و به‌ڵایه‌ی به‌سه‌ر كورددا هاتووه‌ به‌ هۆی شوێنكه‌وتنی ناسیۆنالیزم بووه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌رنامه‌یه‌ك نییه‌ خه‌ڵك هۆشیار بكاته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: هاوپه‌یمانێتی دژ به‌ داعش، له‌ ناحیه‌ی سیروان كه‌سێكی عه‌ره‌بی گرتووه‌ و هه‌ندێك ده‌ڵێن دوو كه‌سن و ئه‌وان ناوی كورده‌كانیان ئاشكرا كردووه‌ و ده‌ستگیركراون.

جه‌ختیكرده‌وه‌، كه‌ بیری داعشی نووستوو به‌ ته‌واوی له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و هه‌میشه‌ ئیسلامی سیاسی و توندڕه‌وی له‌ شوێنه‌ لاچه‌په‌كاندا گه‌شه‌ ده‌كات.

له‌ باره‌ی ئیسلامییه‌كانیشه‌وه‌ گوتی: ئه‌وان خه‌ڵكی ته‌سه‌وف ته‌كفیر ده‌كه‌ن و خه‌ریكی نانه‌وه‌ی فیتنه‌ و جنێوی ناشیرینن به‌ یه‌ك و بینیمان له‌سه‌ر شاشه‌كان دوو كاندیدیان جنێوی ناشیاویان به‌ یه‌ك ده‌دا و زمانی توندوتیژی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌ و سوكایه‌تی به‌ خه‌ڵك ده‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن و هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك نه‌بووه‌.

ئه‌وه‌شی گوت: له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا، یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كراوه‌، ئیتر چ چاوه‌ڕوانییه‌ك له‌و هێزانه‌ ده‌كرێت.

سالار تاوگۆزی، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا گوتی: كادیری لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان ته‌نیا كاریان راكێشانی سۆزی خه‌ڵك و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌جێبهێڵن و بچنه‌ هه‌ولێر و به‌غدا و له‌ به‌غداش له‌گه‌ڵ نه‌یارانی كورد یه‌كبگرن بۆ دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌و ره‌خنه‌گره‌ ئاشكراشیكرد، پڕۆژه‌یه‌كی هه‌بووه‌ و جێگری سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ بانگهێشتی كردووه‌ و دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی، له‌ مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ بانگ كراوه‌ و پێی وتراوه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نداری ئێمه‌ نه‌بیت ناتوانیت هیچ بكه‌یت.

ئه‌وه‌شی گوت: هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێواری داڕووخاندایه‌ و رۆژانه‌ 10 تا 15 ماڵ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌جێده‌هێڵن و روو له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ده‌كه‌ن و نرخی خانووبه‌ره‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ رێژه‌ی نیوه‌ دابه‌زیوه‌ و خه‌ڵك ته‌نیا ئومێد هه‌یبێت به‌ كابینه‌ی نۆیه‌مه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن چۆن كابینه‌ی نۆیه‌م ده‌ستی خزمه‌تگوزاری گه‌یاندووه‌ته‌ گه‌رمیان و سلێمانی به‌و جۆره‌ش خزمه‌ت بگه‌یه‌نێته‌ هه‌ڵه‌بجه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پێویسته‌ به‌شه‌ رۆشنبیرییه‌كان چالاك بكرێنه‌وه‌ و گه‌نجێك له‌ بری ئه‌وه‌ی بچێته‌ لای بانگخوازێكی توندڕه‌و با شوێن هه‌بێت و رووبكاته‌ كۆرسێكی مۆسیقا.

k24

ھەواڵی زیاتر