روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەوە

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی بابه‌تێكی نێو كتێبی پۆلی 10ـی ئاماده‌یی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ساڵی 2007ـه‌وه‌ له‌ نێو كتێبی پۆلی ده‌دایه‌ و سه‌رقاڵی پێداچوونه‌وه‌ین. 

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌

بابەتێک لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی سەبارەت بە دەستەواژەیەک لە (لاوکێ دەروێشی عەڤدی) ڕەخنەی لەسەر هەیە، بۆپێشچاوڕوونی هەموولایەک :

١- ئەو بابەتە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە لە پۆلی (١٠) لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی هەیە و  نوێ نییە ئەمساڵ دانرابێت.

٢- ئێمە لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکان لە ئێستا دا لە قۆناغی پێداچوونەوەین بە پرۆگرامەکانی خوێندن، چەندین کتێب پێداچوونەوەی بۆ ئەنجامدراوە، کتێبی کوردی پۆلی (١١ و ١٢)ـی ئامادەیی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو پێداچوونەوەی بۆ کراوە و ئێستا کتێبێکی نوێ دەخوێندرێت. وە کتێبی  کوردی پۆلی (١٠)ـی ئامادەیی ئێستا لە قۆناغی پێداچوونەوەیە و لێژنەی پسپۆڕ چەندین مانگە کاری لەسەر دەکات بۆ ئەوەی بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو (٢٠٢٢-٢٠٢٣ ) کتێبە نوێیەکەی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (١٠)  لە ناوەندەکانی خوێندن بخوێندرێت، بەدڵنیایی  ڕەچاوی رێزگرتنی تەواوی ئایینەکان و ئایینزاکان و  پێکەوە ژیانی ئاشتییانە دەکرێت.

وەزارەتی پەروەردە – بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکان

         ١١ی ١٢ی ٢٠٢١

ھەواڵی زیاتر