دوای یەکلایی بوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و تۆمەتبارکردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە دەستێوەردان لە ئەنجامەکان، پێناچێ جارێکی تر پارتی بەوە ڕازی بێت کە بەرهەم سالح ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار.
پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا بە فەرمی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی بە دانوستاندن نەکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست باڵکێش کەوتوون، پارتی کاندیدی خۆی ئامادەکردووە کە هەریەکە لە هۆشیار زێباری و فوئاد حوسێنن.
هەر بەپێی زانیاریەکان، لە ئەگەری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە، پارتی رەزامەندی لەسەر مەلا بەختیار و عەدنان موفتی دەردەبڕێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. چونکە وەکو پارتی دەڵێ “دەبێ ئەو پۆستە بە کەسێکی نیشتمانی بدرێت”.
رۆژی 9ی10ی2021 باڵکێش ڕاپۆرتێکی بەناوی “خۆری سیاسی بەرهەم ساڵح ئاوابوو” بڵاوکردەوە و وردەکارییەکانی ئاوابوونی خۆری سیاسی بەرهەم ساڵحی تێدا ڕوونکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو:
دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە پشتگیری ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و زۆرینەی سەرکردایەتی، چەندین گۆڕانکاری کرد و لاهور جەنگی و سێ ئەندامی سەرکردایەتی دوورخستەوە. پۆست داهاتووی بەرهەم ساڵحیش کەوتۆتە مەترسییەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو خاوەن گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، نایەوێ جارێکی دیکە بە ئاسانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆماربێ بۆ یەکێتی و چەند جارێک بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەکردوە کە ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.
بەپێی زانیاریەکان، ئەگەر پارتی ئامادەبێت پۆستەکە بدرێتەوە بە یەکێتی، دەبێ بە کەسێک بدرێت کە خۆی ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت، ئەمەش وا دەکات کە بەرهەم ساڵح بکەوێتە دەرەوەی هاوکێشەکەوە، چونکە پارتی تێبینی زۆری لەسەر ئەدای کارەکانی هەیە.
لە گۆڕانکارییەکانی یەکێتیدا، بڕیارە دوو جێگر بۆ بافڵ تاڵەبانی دابنرێت، یەکێک لە سەرکردایەتی هەولێر و ئەوی تر لە سەرکردایەتی کەرکووک. بۆیە ئەمەش خەونی جێگریی بەرهەم ساڵح لەناو یەکێتی لەگۆڕ دەنێ.
پێشتر بەرهەم ساڵح بە پاڵپشتی لاهور جەنگی بووە کاندیدی ژمارە یەکی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکانی لاواز بوون و لای پارتیش ویستراو نییە بۆ ئەو پۆستە. بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێ خۆری سیاسیی بەرەو ئاوابوون بچێت.