ھاوڕێم مەلا بەختیار.. وێنهکهت تاساندمی
بینینی وێنەی مەلا بەختیار لە نەخۆشخانە دوای یەكلابوونەوەی ژەهرخواردكردنی، سەرەڕای ئەوەی پەرۆشی و خەمێكی قوڵ بۆ هاوڕێیەكی تەمەنم سەراپای داگرتم، هەستێكی بەراوردكاریانەی سەیریشی لا دروست كردم، كە وێنەكەیم بینی، چۆن بەشەكەتی، بەدەست غەدری ژەهرخواردن گیرۆدە بووە، یەكسەر جووڵە و سەركێشی و حهماسی ئەو پیاوەم بە گەنجی بیر كەوتەوە، ئەو گەنجەی لە كۆڵانە باریك و تەسكەكانی خانەقینەوە، هەمیشە فەنتازیایەكی فراوان و بێ سنوری كوردایەتی ئەنەخشاند، ئەو مەلا بەختیارەی زەبروزەنگی رژێمی داگیركاری عیراق نەیدەترساندو نەیدەتاساند، کەچی ئەوەتا ئێستا ژەهر و خەنجەری خیانەت شەکەتی کردوە و وەک دەردەدارێک لە نەخۆشخانەیە، بۆمن چاوهڕوان کراوبوو گولـلهی دوژمن، پیلانی ناحهزانی کورد و یهکێتی بیپێکن، بهڵام ژههرخواردکردنی داخ و مهراقێکی تره که بۆمن وهکو شۆکێک وایهو بۆ ئهنجامدهرانیشی پهڵهیهکی رهشی ناپاکیه که قابیلی سپی بوونهوه نییه.
ساڵی 1963 بۆ یەكەم جار مەلا بەختیارم لە خانەقین لە قوتابخانەی (نەهضة)ی سەرەتایی ناسی، بەیەكەوە ھەر لەسەرەتاوە بارگرانی ژیانێكی سەختی خانەقینمان بەشكرد، لە زۆر شت لەیەك ئەچووین، ئەو زوو دایكی مردو هەتیو كەوت، منیش زوو باوكم مردو هەتیو كەوتم، هەر بەمناڵی هەردوكمان كەوتینە دەست زەبری بێ رەحمانەی ژیان و چەرمەسەری و سەختی ڕۆژگار.
هەرچەندە منداڵیمان پێچەوانەی شیرینی خورمای خانەقین تاڵ و سەخت بوو، بەڵام ئەو تاڵییە نەیتوانی سەركێشی و لاساری منداڵانەی ئێمە زەوت بکات و ههمیشه به ئومێد و هیوایهکی زۆرهوه بهسهر پهیژهی دهردهسهری ژیان سهرکهوتین.
چیرۆكی ئاشنایەتیمان 10 ساڵ دوای یەكەم یەكتر ناسین، واتە لە ساڵی 1973 چووە قۆناغێكی ترەوە، لهرێگهی مەلا بەختیارهوه چوومه ریزهکانی كۆمەڵەوه، ئیتر لەوێوە بەهەموو هەورازو نشێوەیەكانی سیاسەت و كوردایەتیدا ڕۆیشتین و لەزۆر وێستگەی جیاش ھەر بەیەكەوە ماینەوە، بەویژدانەوە ئەڵێم ئەو بۆمن هەمیشە برایەكی بەلوتف و سنگ فراوان و لێبوردە بوو، هەمیشە بەرگەی سەركێشی و هەڵوێست و دەڕبڕینە جیاوازەكانی منی بەزیادەوە گرتوە، ئاخر بەڕاست ژەھرخوارکردنی تێکۆشەرێکی وەک مەلا بەختیار بۆچی؟ ئەپرسم ئەو پیاوە گوناهی چی بوو وای لێ بەسەرهات، جگە لە گوناهی سیاسەتكردن و كوردایەتی و پێشمەرگایەتی چ گوناهێكی تری كردوە؟ ئاخر ئەو هەموو عومری لە خەبات و تێكۆشان لە رێبازی شەهاب و ئارام و مام جەلال بەسەر برد، وەكو داربەڕویەكی چەسپاوی چیاكانی ئەو كوردستانە بەرگری لە میللەتەكەی و یەکێتیهکەی كرد، کەچی ئێستا لەبری پاداشت، بە ژەهر و بەخەنجەری بێ وەفایی ھەوڵی لەناوبردنی دەدرێت؟
ئەوەی ئێستا بۆ من مایەی داخ و ناسۆرە ئەوەیە من لەم وێستگەیە ناتوانم راستەوخۆ شتێك بۆ مەلا بەختیاری براو ھاوڕێم بكەم، ناتوانم وەكو رۆژانی گەنجی و تەمەنی شۆڕش و پێشمەرگایەتی ئازارو ناسۆرەكانی لەگەڵ بەش بكەم، بەڵام دڵنیام دەزانێت کە چۆن لەدڵەوە هیوای زوو چاكبوونەوەو تەندروستی لەجاران باشتری بۆ دەخوازم. بۆیە پێی دەڵێم: ھاوڕێم، تۆ بەم ژەھرەش ھەر بە سەربەرزی دەمێنیتەوە، دەستی نامەرد ناگاتە کێوی شکۆمەندی تۆ، ئەوان بودەڵەو تۆش بوێر، تۆ جوامێرو ئەوانیش ناپاک لەبەردەم خەڵک و خودا و مێژوو.
ھاوڕێم سوێند بەئەڵوەن ئازارت ههمان ئازارە لەدڵما
ھاوڕێم بمبورە کە بەهۆی دۆخی تەندروستیمەوە، نەمتوانی سەردانت بكەم و لەسەر چرپای نەخۆشخانەکە وێنەیەکی یادگاری بگرین و بڵێم تۆ ھەرگیز بەتەنیا نیت، شاعیریش نەبووم دەنا ئێستا وادەی بوو بە قەسیدەیەك گوزارشت لە ناخی هەڵقرچاوم بكەم بۆ تۆی براو هاوڕێی تهمهن…
عیماد ئهحمهد – ئهندامی سهركردایهتی یهكێتی12/11/2021