پیلانێكی لاهور جەنگی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی شكستی هێنا

میدیایەكی سلێمانی ئاشكرای كرد، لاهوور جەنگی هەوڵی داوە لە ڕێگەی هێزەوە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەست بەسەردا بگرێت، بەڵام بافڵ تاڵەبانی رێی لێگرتووە.

بە گوێرەی راپۆرتی ماڵپەڕێكی سلێمانی كە لە زاری بەرپرسانی یەكێتییەوە بڵاوی كردۆتەوە، هۆكاری ئەو جموجۆڵی هێزەی چەند رۆژێكە لەسەر شەقامەكانی سلێمانیدا زیادیان کردووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە “لاهوور جەنگی ویستوویەتی بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆنتڕۆڵ بكات و لەوێ دابنیشێت”.

هەمان سەرچاوە بۆ (درەومیدیا) ئاشكرای كردووە كە “بافڵ تاڵەبانی زوو بە جووڵەكەی زانیوە و هێزی بردووە و لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی جێگیری کردووە”.

ئەم پیلانەی لاهوور جەنگی لە دوو شەوی رابردوودا هەوڵی جێبەجێكردنی دراوە و بەو مەبەستە بووە كە جۆرێك لە شەرعیەت بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە پاش ئەوەی بە فەرمی لە نێو یەكێتیدا دەركرا.

لە بەرامبەریشدا لە دوێنێوە لیژنەی ئەمنیی سلێمانی دوا مۆڵەتی بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكیی دیاردەی چەكداری و لاساریی یاسایی دیاری كردووە و ئەمڕۆش هەڵمەتێكی فراوان لەم چوارچێوەیە دەستی پێكردووە كە پێدەچێت ئامانج لێی چەككردنی تاقمەكەی لاهوور جەنگی بێت.

ھەواڵی زیاتر