لەدوو چالاكی جیادا مەفرەزەکانی پۆلیس تۆمەتبارێکیان دەستگیركرد كە بەفێڵ بڕێك پارەو ئاڵتونی لەئافرەتێك سەندبوو، هەروەها دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێكدا گیرا كە لەشاری هەولێرەوە دزرابو و هێنرابووە شاری سلێمانی.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: دوای ئەوەی ئافرەتێك لەبنكەی پۆلیسی هەواری شار سكاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتیو بەناوی وەرگرتنی ڤیزەی ئەوروپاوە بڕی 20 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر دۆلار)ی لێ سەندووەو پاشان تۆمەتبارەكە خۆی وون كردووە.
دواتر تۆمەتبارەكە دەركەوتۆتەوەو داوای بڕی 10 هەزار دۆلار (یەك دەفتەر)ی تری لەسكاڵاكار كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئافرەتەكە ئەو بڕە پارەیەی نەبووە، تۆمەتبارەكە داوای ئاڵتونی لەسكاڵاكار كردووە.
دوای چاودێریو لێكۆڵینەوەی وردو وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتباركە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار بەهاوكاری نوسینگەی ڕۆژئاوای بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەكاتی وەرگرتنی ئاڵتونەكە لەسكاڵاكار، دەستگیربكرێت.
لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەكە دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە بەو پارەیەی لەئافرەتەكەی سەندووە ئوتۆمبێلێكی پێ كڕیوە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیراوە بەسەر ئوتۆمبێلەكەدا.
لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، ن) لەدایكبووی 1989 دانیشتووی شاری هەولێر بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 456 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.
لەلایەكی ترەوەو دوای ئەوەی لەلایەن دادگای هەولێرەوە زانیاری گەیشتە پۆلیسی سلێمانی كە ئۆتۆمبێلێك دزراوەو گومان دەكرێت بەرەو شاری سلێمانی هێنرابێت، پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانی دەستپێكردوو مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار توانیان ئۆتۆمبێلەكە بدۆزنەوەو دەستیبەسەردا بگرن.