هۆشیار زێباری: کە موسڵ کەوت، مالیکی پێی وتم هەموو جەماعەتەکەی تۆن

هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (العراقیە):

ئێمە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە پەیوەندیمان لەگەڵ كۆچكردوو رەفیق حەریریدا هەبوو، ئەوكات حەریری سەرمایەدار بوو، لە سعودیە‌و وڵاتانی تر كاری دەكرد، كە راپەڕین‌و كۆچی ملیۆنی كورد بۆ سنورەكانی توركیاو ئێران رویدا، حەریری یەكەم كەس بوو كە پارەی زەكاتەكەی خۆی بەخشی بە كۆچبەرانی كورد.
رەفیق حەریری كە بوو بە سەرۆك وەزیرانی لوبنان، پشتیوانی ئەو گۆڕانكارییەی دەكرد كە لە عێراق رویدا، حەریری ترسی هەبوو لە لەباربردنی ئەزمونی گۆڕانكاری لە عێراق.
بیرم دێ جارێك لەسەردانێك بووم لە سعودیە، حەریری لە بەیروتەوە پەیوەندی پێوەكردم، پێی وتم گرنگە بتبینم، پەیامێكم هەیە بۆت، لە سعویە بمێنەوە تاوەكو من دێم، مامەوە‌و لە فڕۆكەكانە بینیم، پەیامەكەی بۆ من‌و سەركردایەتی ئەوكاتە بوو، پێی وتم ئاگاداری خۆتان بن، سورییەكان ئاڕاستەیەكی نادۆستانەیان بەرامبەرتان هەیە، ئێرانییەكان باشترن چونكە لەسەردەمی ئۆپۆزسیۆندا كارتان لەگەڵ كردوون، بەڵام سورییەكان مەترسیدارترن.
پەیامەكەی حەریری پەیامێكی تایبەت بوو، دەیوست بڵێ دەسەڵاتدارانی سوریا هەوڵی لەناوبردنی سیستمی نوێی عێراق دەدەن بەئامانجی روبەڕووبونەوەی ئەمریكییەكان، بەڵام ئامانجەكەیان ئێوەیە، چونكە نایانەوێت ئەم گۆڕانكارییە لە عێراق بەردەوام بێت‌و لەخۆیان دەترسن، ئێرانییەكانیش هەمان مەترسییان هەیە، رەنگە هەماهەنكی بكەن لەگەڵ سورییەكاندا دژی ئەمریكا، بەڵام ئێرانییەكان دەرفەتی زیاتر دەدەن.

بەر لە تیرۆركردنی، لە دوبەی چاوم بە رەفیق حەریری كەوت، پێی وتم بارودۆختان چۆنە ؟ پێموت وەڵا ئەو شیكارییەی پێتداین راست بوو، بە حەریریم وت ناترسی ئەم هەڵوێستە نەیارەت زیانت پێبگەیەنێت، مەبەستم سورییەكان بوو، وتم لەوبڕوایەدا نیم بیگەیەننە ئەو رادەیە، پێم وت بەخوا من لە ژیانی تۆ دەترسم.
كە تەقینەوە گەورەكەی بەردەم وەزارەتی دەرەوە لەسەردەمی ویلایەتی یەكەمی نوری مالیكیدا رویدا، زانیاریمان هەبوو، دەزگایەكی ئەمنی سوریا پلانی هێرشەكەی داناوە‌و جێبەجێ كردووە، بۆیە بڕیارماندا باڵیۆزی خۆمان لە سوریا بكێشینەوە، بەرلەوەی باڵیۆز بكێشینەوە بە تەلەفۆن لەگەڵ وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا قسەم كرد‌و پێم وت ئێمە باڵیۆزی خۆمان دەكێشینەوە، وەلید موعەلیم وتی بەڵگەتان چییە ئێمە لەپشت تەقینەوەكەین، پێم وت ئێمە باوەڕمان بە سەرچاوەی زانیارییەكانمان هەیە، وەلید موعەلیم پێی وتم: ئەبو كەریم ئەگەر باڵیۆزی خۆتان بكێشنەوە، ئێمەش باڵیۆزی خۆمان دەكێشینەوە، بەڵام باڵیۆزی ئێمە جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ بەغداد مەگەر دوای گۆڕینی ئەم رژێمە لە عێراق، پێم وت: ئەبو تاریق رژێم لە عێراق گۆڕدراوە‌و هیچ هێزێك نییە رژێمی ئێستا بگۆڕێت.

بەر لە هاتنی داعش بۆ عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئاگادار كرد لەوەی ئێمە زانیاریمان هەیە داعیش دەیەوێت خەلافەت لە عێراق‌و سوریادا دروست بكات، بەڵام مالیكی وتی دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە‌و ئێوە ئاگاداری خۆتان بن لە هەرێمی كوردستان.

مالیكی لەلایەن فەرماندە ئەمنییەكانەوە چەواشەكرابوو، پێیان وتبوو دۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە.. بۆ مێژوو دەیڵێم ئەوكاتە ئێرانییەكانیش ئاگاداریان كردین.

كە موسڵ كەوت من لە یۆنان بووم، ئەوكات لێدوانێكم داو وتم هێزەكانی عێراق‌و هێزی پێشمەرگە موسڵ دەگرنەوە، ئەوكات پەیوەندی نێوان بەغداد‌و هەرێم خراپ بوو، جەماعەت لە هەرێم بەهۆی ئەم لێدوانەوە لێم زویربوون (بەپێكەنینەوە)، دوای چەند ساڵێك ئەمە رویدا، بەڵام ئەوكات لێم زویر بوون، پێم وتن من وەزیری دەرەوەی عێراقم‌و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانی عێراق دەكەم.

دوای كەوتنی موسڵ لە یۆنان گەڕامەوە‌و راستەوخۆ چوم بۆ لای نوری مالیكی لە ناوچەی سەوز، ئەوكات مالیكی گاریگەرو سۆزاوی بوو، پێی وتم هەموو جەماعەتەكەی تۆن كە هاوكاری لەگەڵ سوننە‌و توركەكان دەكەن.

ھەواڵی زیاتر