دوای قووڵبوونەوەی کێشەکان و زەقبوونەوەی تۆمەتەکان لەسەر لاهور جەنگی بەوەی کە ژمارەیەک کەسایەتی و سەرکردەی یەکێتی ژەهرخوارد کردووە. لاهور جەنگی نامەیەک بۆ بافڵ تاڵەبانی دەنێرێت. بەڵام تا ئێستا وەڵامی نامەکەی نەدراوەتەوە.
جەمیل هەورامی، بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی رایگەیاند، لاهور شێخ جەنگی، نامەیەکی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی کردوە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئایا وەڵامی نامەکە دراوەتەوە یان نا.
چەند کەسایەتی و سەرکردەیەکی یەکێتی ژەهرخوارد کراون
لە ماوەکانی رابردوودا چەند سەرکردەیەکی یەکێتیی بە مەبەستی پشکنین چوونە دەرەوەی وڵات، بەپێی ئەنجامی پشکنینەکان مەلا بەختیار و وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی دەست ژەهراویبوون.
ئێستا ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی یەکێتی لە دەرەوەی وڵاتن بۆ پشکنین، لەوانە سەعدی پیرە، جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، شاناز ئیبراهیم و چەند سەکردەیەکی تر.
مەلا بەختیار: ئەم تاوانە دەمێکە ئەنجامدراوە و سکاڵا تۆمار دەکەم
سەرچاوەیەكی نزیك لە مەلا بەختیار-ەوە، سەبارەت بەژارخواردنەكەی رایگەیاند، لەدوو نەخۆشخانەی هەرە پێشكەوتووی ئوردن (الخالدیە)و بەرلین (ڤیڤانتێست) پشكنینی وردو هەرە زانستی بۆ كراوە. هەردوو نەخۆشخانەكە سەرەنجامی پشكنینی تایبەتی پۆلیس بۆ ئەم تاوانانە، بە بەڵگەی زانستی سەلمێنراو، دەركەوتووە كە بەڕێز مەلا بەختیار بەژاری (جێوە) دەردەدار كراوە.
لەگەڕانەوەدا، دوای دوو هەفتە، تەواوی بەڵگەكان دەخاتە بەردەم رایگشتیو یەكێتی و حزبە تێكۆشەرەكانی كوردستانو عیراق. هەروەها كونسوڵگەرییو سەفارەتەكان.
چاوەڕوانی بەپەلەی دەستەبەجێی كۆبوونەوەی بەڕێزان ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندیی یەكێتیو مەكتەبی سیاسی دەكات، سەبارەت بەم تاوانە. دوایئەوەش، سكاڵا لەدادگای كوردستان دەكات. تەنانەت سكاڵا دەگەیەنێتە دادگای وڵاتێكی رۆژئاواش. هەروەها رێكخراوە مرۆییەكانی جیهانیشی لێئاگادار دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێش لێكۆڵینەوە، هیچ كەسو لایەك، تۆمەتبار ناكات. بەڵام بەڵگە سەرەتاییەكانی بەردەستی بەڕێزی، كە هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی و د.خەسرەو گوڵ محەمەدو بەرپرسی ئێستای زانیارییو ژمارەیەك هەرە هاوڕێی نزیكی خۆیی و خانەوادەكەشی، ئاگادار كردۆتەوە، كە ئەم تاوانە دەمێكە ئەنجامدراوە، كاری دوو مانگو سێ مانگ نییە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: هەروەك جەختمان كردۆتەوە، دوای گەڕانەوەی بەڕێز مەلا بەختیارو دوای كۆبوونەوە رەسمییەكان، رایگشتی و ناوەندە رەسمییەكانی دەرەوەو ناوەوە، بەئاخاوتنی رەسمی و نوسراو، ئاگادار دەكاتەوە.
ژەهرخواردنەکە بە پرۆسە بووە و کەسانی دەرەوەی یەکێتیشی گرتۆتەوە
چەند رۆژێک لەمەوبەر، تەیمور عەبدوڵا ناسراو بە تەیموری ئەنفال، کە تاقانەی ئەنفالە ڕایگەیاند، ژەهرخوارد کراوە و بەهۆیەوە ددانەکانی هەڵدەوەرن.
هەروەها ئەمڕۆ شەممە، کتۆر باخان ئازاد، ئەو پزیشکەی گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستی ھەڵەبجەی بڵاو کردەوە، تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، بۆ پەتایەکی ھاکەزەیی پشکنینم کردووە و ژەھرخوارد کراوم و گورچیلەی ڕاستم لە 50% لەکار کەوتووە.
باخان ئازاد وتیشی: پشکنینەکانی خۆم دەنێرم بۆ وڵاتی ئوردن و ئیمارات بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکەمەوە و ژەھرخواردکردنی خۆشم لە چاوی سەرخێل (بەڕێوبەری ھۆبەی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی) دەبینم.
باخان ئازاد ئاماژەی بەوەشکرد، کە “ئەوانەی سەرکردەکانی خۆیان ژەھرخوارد بکەن، دەبێ چاوەڕێی ئەوەش بکەین ئەو کەسانو ژەھرخوارد بکەن کە گەندەڵییەکانیان ئاشکرا دەکە”.
لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە؟
بەپێی زانیارییەکان، لاهور جەنگی، لە نامەکەیدا بۆ بافڵ تاڵەبانی، داوای کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام بافڵ تاڵەبانی رازی نەبووە. دواتر چەند سەرکردەیەکی یەکێتی داوایان لە بافڵ کردووە، ئەو داوایە قبوڵ بکات. ئەویش رازیبووە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆببنەوە.
بەڵام بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، بافڵ تاڵەبانی سوورە لەسەر ڕێکارە توندەکانی دژی کارەکانی لاهور جەنگی و بڕیاریداوە ڕێگەی پێنەدات بەهیچ شێوەیەک بگەڕێتەوە بۆ ناو سەرکردایەتی ئەو حیزبە.