بوار نیوز
لەگەڵ زۆرێك لەسەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان كۆبوونەوەی كردووەو تائێستا كەسی پێ رازی نەكراوە
چیا نەوشیروان مستەفا، لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان كردووە، بەڵام تائێستا هیچكام لەسەركردەكانی پێ رازی نەكراوە.
یەكێك لەسەركردە ناڕازییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر هەستیاری بابەتەكە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە و وتی: لە چەند رۆژی رابردوودا چیا نەوشیروان مستەفا لەگەڵ زۆرێك لەسەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان كۆبوونەوەی كردووە.
ئەو سەركردەیەی گۆڕان وتیشی: لەدیارترین ئەو سەركردانەی چیا نەوشیروان مستەفا كۆبوونەوەی لەگەڵ كردوون، بریتین لە عوسمان حاجی مەحمودو ئارام شێخ محەمەدو شاهۆ سەعیدو چەند كەسایەتییەكی تر، كە پێشتر لەگەڵ گۆڕان كاریان كردووە.
بەوتەی ئەو سەركردەی گۆڕان، لەسەرجەم دانیشتنەكان، چیا نەوشیروان مستەفا داوای كردووە، بگەڕێنەوە ناو گۆڕانو كاری لەگەڵ بكەن، بۆ ئەوەی رۆڵ بگێڕن لەهەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان.
هەر بەوتەی ئەو سەركردەی گۆڕان، سەرجەمی سەركردە ناڕازییەكان لەگفتوگۆكاندا جەختیانكردووەتەوە، كە ئەوان لەو سیاسەتە ناڕازین لەناو گۆڕان پیادە دەكرێت، بەتایبەتی ئەو سیاسەتانەی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان پیادەی دەكەن.
لەچەند ساڵی رابردوو، بەهۆی ناڕەزایی لەسیاسەتی گۆڕان، چەند سەركردەیەكی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیان بەبزووتنەكە راگەیاندو چوونە ماڵەوە دانیشتن.
سەركردە ناڕازییەكەی گۆڕان باسی لەوەش كرد، ئێستا سەرجەمی سەركردەكان، مەرجیان هەیە بۆ كاركردنەوە لەگەڵ گۆڕان، مەرجەكانیش بریتین لە پێداچوونەوە بەسیاسەتی گۆڕانو پرسی كشانەوە لەحكومەتی هەرێمو پەیوەندییەكانی گۆڕان لەگەڵ لایەنەكانی تر، ئەمە جگە لەبابەتی موڵكداری كۆمپانیای وشەو گردی زەرگەتەو پڕژەكانی تری گۆڕان، كە كراون بەناوی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا.
لەبارەی وەڵامی چیا نەوشیروان مستەفا بۆ ئەو پرسانە، ئەو بەرپرسەی پێشووی گۆڕان ئاشكرایكرد، كە چیا لەو بارەوە هیچ بەڵێنێكی بەسەركردەكانی گۆڕان نەداوە، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە لەوەی لەسەر هەر بابەتێك بیانەوێت گفتوگۆ بكەن، بەڵام ئەوان رەتیانكردووەتەوەو جەختیان كردووەتەوە، كە بەبێ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە هیچ گفتوگۆیەك ناكەن.
بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەڕێوەچوو، رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێستا چیا نەوشیروان مستەفا لەهەوڵدایە ئەو سەركردانەی گۆڕان پێشتر كاریان لەگەڵ كردووە بیانگێڕێتەوە، ئەوەش لەپێناوی دەرهێنانی بزووتنەوەكە لەو دۆخەی تێی كەوتووە.
گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردەوە، ئەوەش ناڕەزایی ناوخۆیی گەورەی لێكەوتەوەو فشار خرایە سەر رێكخەری گۆڕانو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، تا بەفەرمی دەستیان لەكاركێشایەوە.