دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە نیازە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نوێ دروست بکات بە ناوی (Truth Social)، بە مەبەستی کێبڕکێکردنی کۆمپانیا گەورەکانی دیکە.
دوابەدوای سڕکردنی ترەمپ لە لایەن کۆمپانیاکانی فەیسبوک و تویتەر لە سەرەتای ئەمساڵ، ترەمپ ڕایگەیاند، بە نیازە تۆڕێکی کۆمەڵایتی بە ناوی سۆشیاڵ تروث (تۆڕی ڕاستی) دروست بکات، بە مەبەستی کێبڕکێکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە پشتگوێیان خستوە و ڕێگەی پێنادەن پلاتفۆرمەکانیان وەک بڵنگۆی خۆی بەکاربھێنێت.
دوێنێ، چوارشەممە، ترەمپ ئاماژەی بەوەدا مانگی داھاتو پلاتفۆرمەکە دەکەوێتە کار بۆ ئەو کەسانەی کە بانگھێشت کراون، ھەرورھا وا بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داھاتوو چوس سۆشیاڵ بە شێوەیەکی گشتی بکەوێتە کار و ھەمووان بتوانن بەشداری تێدا بکەن.
لە ئێستادا لە ڕێگەی وێبسایتی truthsocial دەتوانن ھەژمار دروست بکەن وەک پێشینەیەک تا دەرچوونی ئاپی پلاتفۆرمەکە لە ئەپ ستۆر.
لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ، ترەمپ داوای یاسای لەسەر کۆمپانیاکانی فەیسبوک، تویتەر و گوگڵ تۆمار کرد، بە بیانوی ڕیگەلێگرتنی بۆ دەربڕینی بۆچونەکانی.
دۆناڵد ترەمپ وتی: لە جیھانێکدا دەژین کە تاڵیبان بە ئازادی لە تویتەر بوونی ھەیە، بەڵام سەرۆکە نایابەکەتان بێدەنگ کراوە، ئەمە قبوڵکراو نیە.