هەموو جارێک پارتی دەبێتە گەورەترین زەرەرمەندی تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت “ئەو لایەنانەی پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، پاساو بۆ فەشەلی خۆیان دەهێننەوە، ئەو حزبانەی دۆخیان خراپە گوێز لە گیرفانی خۆیان دەژمێرن”.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: “ئەگەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان بکرێت و ئەنجامی راستەقینەی دەنگی خەڵک دەرنەکەوێت، سیستمی سیاسیی عێراق ئاستەنگی زیاتری بۆ دروست دەبێت و کێشەکان لە عێراق بەردەوام دەبن”.

ئاماژەی بەوەشدا: “کێشەکانی عێراق لەوە دەرچووە، کێ دەبێتە سەرۆک وەزیران، بەڵکو کۆی سیستمی سیاسی پێویستی بە گۆڕانکارییە، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق هاتووەتە ئاراوە. بەداخەوە ئێستا هەندێک لایەن هەن نیەتی ساختەکاریان لەم هەڵبژاردنە هەیە و کارتەکانی دەنگدان دەکڕن، یان پارەی زۆر دابەش دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانی رابردووش تانەی زۆر لە پرۆسەی هەڵبژاردن دران، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە هێشتا زووە قسەی لەبارەوە بکەین”.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی پارتی لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی بە ساختەکاری عەلی عەونی، گوتی: “ئەو لایەنانەی پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، پاساو بۆ فەشەلی خۆیان دەهێنەوە، بەپێچەوانەوە لە هەڵبژاردنی رابردوو پارتی گەورەترین زەرەرمەندی ساختەکاری و زوڵم بوو کە لە لایەن کۆمسیۆن و لایەنەکانی دەستڕۆیشتوو لە بەغدا کرا، زۆر لە دەنگەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا هەژمار نەکران، تەنها بۆ ئەوەی پارتی سەرکەوتوو نەبێت، سەرەڕای ئەو هەموو فشارەی لەسەر پارتی هەبوو، سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنا، هەموویان قەبریان بۆ پارتی لێدابوو، ئەم سەرکەوتنەی پارتی نیشانەی پشتگیری خەڵکە، چونکە پارتی پرۆسەیەکی گەورەی نەتەوەیی بەڕێوەبرد کە ریفراندۆم بوو، بەرگریشی لێکرد، نەک وەک هەندێک کەس لە کاتی دەنگدان بە ریفراندۆم پەنجەیان بەرز دەکردەوە و دواتر لێی پەشیمان بوونەوە”.

گوتیشی: “ئەوانە پارتی بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، کە ئێمە رێ لە ساختەکاری ئەوان دەگرین، رێنمایی سەرۆک بارزانی بۆ ئێمە ئەوەیە کە باشترین و پاكترین پڕۆسە بەڕێوەببەین، لە بانگەشەدا جوانترین کەمپین بکەین بێ ئیستفزازکردنی خەڵک، ئێمە پێویستمان بە ساختەکاری نییە، ئەو حزبانەی دۆخیان خراپە گوێز لە گیرفانی خۆیان دەژمێرن، ئەوان خۆیان تەزویر چین، دەیانەوێت فەشەلی خۆیان لە هەڵبژاردن پەردەپۆش دەکەن. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەم جارە و دیارکردنی بازنەکان دۆخی حزبە بچوکەکان خراپ دەبێت، لە سەرەتا ئێمە گوتمان ئەو سیستمە باش نییە، بەڵام هەندێک لایەن فێربوونە بەس دژی بۆچوونی پارتی بن”.

عەلی عەونی، ئەوەشی خستەڕوو: “لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەین پارتی ئەم جارە دەنگەکانی زیاد بکەن، چونکە ئارامی و خزمەتگوزاری هەرێمی کوردستان سەرنجی ئەو عەرەبانەی راکێشاوە کە سەردانی کوردستان دەکەن، هەروەها زۆر لە عەرەبەکان دەزانن تا دەنگی پارتی لەناو پەرلەمانی عێراق زیاتر بێت، باڵانسی دیموکراسی لە عێراق باشتر دەبێت، پارتی زامنی مافی هەموو پێکهاتەکانە”.

سەبارەت بە هاندانی خەڵک دژی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک کاندیدی سەربەخۆ، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی گوتی: “پارتی خێر و بێرە بۆ هەمووان، ئەوانەی دەیانەوێت وا خۆیان نیشان بدەن رۆشنبیرن دێن وتار لەسەر پارتی دەنووسن یان لە راگەیاندنەکان دژی پارتی قسە دەکەن، ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بێنن لە کوردستان بە تایبەتی لە سلێمانی دژی پارتی قسە دەکەن، پارتی بووەتە خێروبێر بۆ حزبە شیعەکانی عێراق و هەندێک حزبی کوردستان، ئەمە بۆ پارتی شانازییە کە ئەوان بەهۆی پارتییەوە دەنگ کۆبکەنەوە، وەک پارتی مێژووییەکی شەریف و پاکمان هەیە، لە حوکمڕانیشدا نموونەیەکی سەرکەوتووین”.

راشیگەیاند: “من سەربەخۆ بم ئەوانە سەربەخۆ نیین کە ناویان لە خۆیان ناوە کاندیدی سەربەخۆ، دوای چەند رۆژێکی دیکە ماسک لەسەر دەموچاوی هەموویان لادەچێت، دەردەکەوێت کێ سەربەخۆییە، ئەوانەی لەژێرەوە بەناوی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکەن دیارە شەرمیان بە حزبەکەیانە، ئەمە بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە، ئەگەر بە پڕوپاگەندەی ئەوان بایە، دەبوایە دەوای ریفراندۆم پارتی لەناوچووبایە”.

K24

ھەواڵی زیاتر