کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەی راگەیاند و پارتی سۆسیال دیموکرات یەکەمە و دواتریش هاوپەیمانییەکەی ئەنگێلا مێرکل دێت. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە تاوەکو ئێستا راگەیێنراون، سێ کورد دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە و دەبنە پەرلەمانتار.
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکەی کۆمیسیۆن، پارتی سۆسیال دیموکرات 25.7٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیانیش کە هاوپەیمانن 24.1٪ی دەنگەکان، پارتی سەوز 14.8٪، پارتی دیموکراتیی ئازاد 11.5٪ و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیاش 10.3٪ی دەنگەکانیان بردووەتەوە.
بە گوێرەی ئەم ئەنجامە:
– پارتی سۆسیال دیموکرات 206 کورسی لە 735 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت.
– هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان 196 کورسی.
– پارتی سەوزەکان 118 کورسی.
– پارتی دیموکراتیی ئازاد 92 کورسی.
– پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا 83 کورسی.
– پارتی چەپەکانیش 39 کورسی دەبەنەوە.
تاوەکو ئێستا ئەوەی یەکلایی بووەتەوە ئەم بەربژێرە کوردانە توانیویانە دەنگی پێویست بەدەستبهێنن:
– قاسم تاهیر ساڵح، لەسەر لیستی پارتی سەوز [بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا]
– جانان بایرام، لەسەر لیستی پارتی سەوز [بەربژێری پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا]
– ژیان عومەر، پەرلەمانتاری پەرلەمانی هەرێمی بەرلین.
وەک لە ئەنجامەکەدا روونە، هیچ پارتێک بەتەنیا ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت و هەربۆیە حکومەتی داهاتوو هاوپەیمانی دەبێت.
رۆژی یەکشەممە 26-9-2021 و دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکە، هەریەکە لە ئولاف شوڵز، بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکرات بۆ بوون بە راوێژکاری وڵات و ئارمین لاشێت، بەربژێری پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆسیال کریستیان بۆ هەمان پۆست رایانگەیاند، هەوڵدەدەن پێکەوە حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبهێنن.
ئولاف شوڵز بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی پێش کریسمس کارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەت تەواوبکەن.
ئارمین لاشێتیش گوتی، بەدڵنیاییەوە ئەوە ئامانجی هاوپەیمانییەکەی ئەویش دەبێت.
رووداو