وەزیری بەرگریی حکومەتە نوێیەکەی تاڵیبان لە ھەڵسوکەوتی چەکدارانی بزوتنەوەکەی توڕەیە و دەڵێت: زیان بە ڕێبازەکەمان دەگەیەنن.
پاش ئەوەی لە لایەن میدیاکانی جیھانەوە چەندین ڕەخنەی گاڵتەئامێز بڵاوکراوەنەتەوە لەسەر ھەڵسوکەوتی ھەندێک لە چەکدارانی تاڵیبان لە کاتی گەشتنیان بە شوێنە گەشتیاری و باڵەخانەکانی کابوڵ، مەولەوی محەمەد، وەزیری بەرگریی، ھاتۆتە سەرخەت و پەیامێکی توندی داوەتە چەکدارەکان.
مەولەوی وتی: “پابەندی ئەرکەکانتان بن، ئێوە زیان بە ڕێبازەکەمان دەگەیەنن، کە بە خوێنی شەھیدەکانمان دروستمان کردوە”
وەزیری بەرگریی بە تایبەت تیشکی لەسەر وێنەنەگرتن لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان دانا، بە پاساوی ئاشکرا نەبوونی شوێن و چالاکییەکانیان.
دوای گەشتنەوەی تاڵیبان بە کابوڵ لە 15 ئاب، ھەزاران موجاھیدی ئەم بزوتنەوەیە لە پایتەخت جێگیر بوون و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین گرتە ڤیدیۆی چەکدارەکانی تاڵیبان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبونەوە، کە تێیدا بە شێوازێکی ناشارستنای مامەڵە لەگەڵ کەل و پەلی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و بە ڕوونی ناھۆشیاری و دواکەوتووی ئەمدامانی بزوتنەوەی تاڵیبان دیارە.