جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە دوای 8ـی تەممووزەوە “هاشوهوشی سۆشیاڵمیدیا” کەمبووەتەوە، بە گوتەی ئەو “تەنیا لە مانگی حوزەیراندا 800 هەزار دۆلار بۆ پاڵپشتیکردنی سۆشیاڵمیدیا لە سلێمانی خەرجکراوە، سایت هەبووە بودجەی مانگانەی لە ئیدارەی گشتیی یەکێتی 80 ملیۆن دینار بووە و چەندین جار دژایەتی کارەکانی ئێمەی کردووە.”
ئەمڕۆ 25-9-2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان لەبارەی دۆخی میدیا، هەڵبژاردنی عێراق، کێشەکانی سلێمانی و یەکێتی قسەیکرد. گوتی ئەو میدیا و سۆشیاڵمیدیایانە “بە پارەی شەرعی و ناشەرعی بەڕێوەدەبران، بەشێک لەو میدیایانە بە پارەی یەکێتی بەڕێوەدەبران و دژایەتیی یەکێتیشیان دەکرد، چەندین دۆسیەشیان لەسەر بەرپرسانی یەکێتی کردووەتەوە.”
لەبارەی ئازادیی میدیا و میدیاکارانەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “هەتا هەبم رێگە نادەم لە زۆنی سەوز بە هەمانشێوەی بادینان رۆژنامەنووس بدرێتە دادگە، لە کفری هەتاوەکو دێگەڵە فەرهەنگێکی جیاواز بەراورد بە دێگەڵە بۆ زاخۆ هەیە.”
ئەو لێدوانەی قوباد تاڵەبانی لەکاتێکدایە کە چەند مانگێکە “بە تۆمەتی نووسینی کۆمێنت” رۆژنامەڤانێک لە هەڵەبجە زیندانیکراوە. قوباد تاڵەبانی گوتی “بەدواداچوونی بۆ دەکەین و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر.”
قوباد تاڵەبانی باسی کارەکانی خۆی وەکو جێگری سەرۆکوەزیران کرد، ئاماژەی بەوە دا، “چەندین کەس لەنێو بنەماڵەکەم هەبوون کە پێشتر رێگربوون لە کار و چالاکییەکانم و دژایەتییان دەکردم، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە، ئێستا لێپرسینەوە هەیە، هەوڵەکانیش بەو ئاراستەیە دەڕۆن کە دەسەڵات شۆڕ ببێتەوە.”
لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیشەوە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، “کاتەکەی ئێمە دیاریمان نەکرد بەڵکو رووداوەکان کاتەکەیان دیاریکرد.” ئەو کەسانەیشی کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، “لەسەر سکاڵای ماڵی مام جەلال نەبووە، ئێمە سکاڵامان لەسەر کەس تۆمارنەکردووە.”
خەرجییەکانی سلێمانی وەکو قوباد تاڵەبانی بەو رۆژنامەڤانانەی گوت، “لە داهاتی زیاترن و داوای سەربەخۆیی دارایی نەکراوە، بەڵام دەسەڵاتەکان شۆڕ دەبنەوە بۆ ئیدارەی شارەکان.”
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوون بە هەڵبژاردن، عێراقی دوای هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “فشارەکان و مەترسییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەبن، بەشێک لە کوردیش پێشڕەوی و هاوکاری ئەوانە دەکەن کە گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروستدەکەن و هەوڵی زۆریش دەدرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا دەستکاریی دەستوور بکرێت، ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت ناتوانین رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە.”
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماریشەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند “یەکێتی نایەوێت لە بەرامبەر وەرگرتنی هیچ پۆستێکدا دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار ببێت.”
جێگری سەرۆکوەزیران سەبارەت بە قاچاخچێتی لە سنوورەکانی سلێمانیش قسەیکرد و باسی لەوە کرد کە “قاچاخچێتی بەشێوەی پێشتر نییە و کەمبووەتەوە، بەڵام بنبڕنەکراوە، هەوڵ دەدەین بنبڕی بکەین.”