بابەتێك لەسەر بەڕێز “علی حسێن”. ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاو بووەتەوە کەگوایە مینبەری مزگەوتی شارێکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە کار هێناوە.
ڕاگەیاندن و کاری ڕۆژنامەگەری، لە دونیا نەک هەر بووەتە دەسەڵاتی چوارەم و چاوی كومەڵگە، بەڵکو بووەتە بڕیاردەر و ڕای گشتی ئاراستە دەکات، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گەورە و مۆڕاڵی دەخاتە ئەستۆی میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان تا پییشەییانە پەیام و زانیارییەکان بگوازنەوە نەوەک ببنە هۆکارێک بۆ بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندن.
بڕواشمان وایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی کوردستانی دیموکراتیە و زادەی ڕێبازی (ملا مصطفی بارزان)ە. پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلول بانگەوازی کوردایەتی و سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە ناو مزگەوتەکانەوە دەکرد، کە مێژووش شاھیدی ئەو ڕاستییە و بەڵگەش بۆی ئەوەیە زۆرێك لە کادیرانی شۆڕشی ئەیلول ھەڵگری نازناو و پێشگری (مەلا)ن. پارتی حزبێکی دابڕاو و نامۆ نەبووە بە مزگەوت و ماڵی خودا و، بانگەشەی ئێمە بۆ پارێزگاریکردنە لەو مافانەی کە جیاوازیی نەتەوەییمان بە بڕیاری خودا پێی بە خشیوین.
بۆیە لێرەدا تۆمەتی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە بەکارھێنانی مینبەری مزگەوتێکی ناوشار بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن لە ڕۆژی ھەینیدا و، گرنگە بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویست ڕوونی بکەینەوە کە:
ـ قسەكردنی بەڕێز علی حسێن، لە مزگەوتێکی ناوشار و لەسەر مینبەر و لە ڕۆژی هەینی نەبووە، بەڵکو لە ڕۆژی پێنجشەممە و لە نھۆمی دووەمی ھۆلی بۆنەكان بووە کە شێوەی لە حەرەمی مزگەوت دەچێت و، لە دەرەوەی شار و لە گوندێکی دورە دەست بوە لەسەر پردی قەندیل ـ سنووری ھەریر، کە وەكو میوان بانگهێشت کراوە و ئاگاداری شوێنەکەش نەبووە.
دونیای ئەوڕۆ دونیای میدیا و زانیارییە و لە بەرامبەریشدا خەڵک هوشیارن و چیتر ناکرێت خەڵکی هوشیاری کوردستان بە قسە و تۆمەتی نادروست بەلاڕێدا ببرێن.
پێمان وایە ئەم جۆرە تۆمەتانە بەشێکە لەو ھەڵپە ناڕەوایەی کە لە ئەنجامی بێ ھیوایی حزبە ڕکابەرەکانمان سەریھەڵداوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەكتەبی پەیوەندییەكان کوردستان—عێراق
٢٥/٩/٢٠٢١ ـ هەولێر