بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە هەرێم تۆپبارانکرا

محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان رایگەیاند، پێنج گولـلە تۆپ لە نزیک سەربازگەیەکی تورکیا لە سنووری ناحیەکە کەوتوونەتەخوارەوە.

 بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان ئاماژەی بەوە کرد کە سێ لە گوللە تۆپەکان تەقیونەتەوە و دووانەکەی دیکەیان نەتەقیون.

بە گوتەی محەممەد ئەمین، تۆپەکان نەگەیشتوونەتە بنکە سەربازییەکە و لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی کەوتوونەتەخوارەوە. 

لەبارەی شوێنی ئاراستەکردنی گولـلەتۆپەکان و ئەو لایەنەی ئاراستەیکردوون، بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان گوتی، “نازانین ئەو گولـلەتۆپانە لەلایەن کێوە ئاراستەکراون.”

ئەمساڵ ئەمە سێیەم جارە هێرش دەکرێتە سەر ئەو سەربازگەیەی تورکیا کە لە ساڵی 2016ـەوە لەو ناوچەیە دانراوە. سێ مانگ لەمەوبەریش چەند گولـلەتۆپێک لەنێو گوندێکی عەرەبنشین لەو سنوورە کەوتنەخوارەوە و بەهۆیەوە چوار ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا. 

لە سەربازگەکەی تورکیا لە زێلکان، نزیکە 300 سەرباز و بڕێک چەک و تەقەمەنی جێگیرکراون. 

رووداو

ھەواڵی زیاتر