میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان زانیارییەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی سلێمانی لە بارەی دەستگیرکردنی بکوژی کادیرێکی پەکەکە لە سلێمانی رەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەوەی دەستگیرکراوە بکوژی کادیرەکەی ئەوان نییە.
لە رۆژانی 16 و 17ی ئەم مانگە دوو رووداوی تەقەکردن لە سەنتەری شاری سلێمانی روویاندا، بەو هۆیەوە کادیرێکی پەکەکە بەناوی شوکری سەرحەد کوژرا و یەکێکی دیکەش بەناوی فەرهاد باریش برینداربوو.
رۆژی 18-9-2021 ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردنی دوو ئەندامی پەکەکە لە سلێمانی راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا پیلانەکە ئاشکرا کراوە و تاوانباری سەرەکیی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیرکرا. تۆمەتبارەکە راپێچی دادگە کرا، تاوەكو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت”، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە دوو کردەوەکە رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە بوون.
بەڵام میدیاکانی پەکەکە لەوانەش ئاژانسی رۆژنیوز و ئاژانسی هەواڵی فورات دەڵێن ئەو کەسەی دەستگیرکراوە بکوژی شوکری سەرحەد نییە، بەڵکو ئەو کەسەیە تەقەی لە فەرهاد باریش کردووە.
میدیاکانی پەکەکە دەڵێن چوار کەس تێوەگلاون لە کوشتنی شوکری سەرحەد، یەکێکیان تەقەی لێکردووە و سێیانەکەی دیکەش چاودێریان کردووە. دوای تەقەکردنەکە بە پیکابێک هەڵاتوون.
کاژێر 09:00ی سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 17-9-2021 کەسێك کە لە ناسنامەدا ناوی یوسف موراد بوو و لە راگەیێندراوی پەکەکەدا بە شوکری سەرحەد ناوی هاتووە و، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و کوژرا.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە تەقە لە ئەندامێکی پەکەکە بە ناوی فەرهاد باریش، کە تەمەنی 33 ساڵە و خەڵکی رووهایە لە باکووری کوردستانە، لە بەردەم دووکانەکەی خۆی لە شاری سلێمانی تەقەی لێکرا و بریندارکرا.
رووداو