وەزیری پێشمەرگە: هەنگاوی باشمان بڕیوە و سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت

ئەمڕۆ ۱۲ی ئەیلولی ۲۰۲۱ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئەرکان، لیوا هیوا، فەرماندەی میحوەری ٤ ی کەرکووک ـ گەرمیان، لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی و عەمید مزەفەر جێگری بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندن، لەگەڵ فەرماندەی لیواکانی ۱ و ۹ و ۱٦ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.

وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکیدا بۆ فەرماندە و ئەفسەرانی هەر سێ لیواکە، جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی زیاتری سەربازیانە و راشیگەیاند: “سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەکردنی کەموکوڕی و گرفتەکانتانن و دڵنیابن، هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێشەوەو سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت”.

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقی، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سوپای عێراقی بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و دەخوازین ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بکرێت و بەردەوامبێت، لەپێناو ئەوەی بەیەکەوه سەقامگیری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەهەموو پێکهاتە و نەتەوەکانیەوە بپارێزین.

لەسەر هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە رونیکردەوە: هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی هاوپەیمانان جێگەی بایەخ و ستایشی زۆری وەزارەتی پێشمەرگەیە و گوتیشی ” هەنگاوەکانمان بە ئاراستەی دروستکردنی هێزێکی بەتوانا و تۆکمەی یەکگرتووی سەردەمیانەیە، کە هاوتابێت لەگەڵ خواستی ئێمە و هاوپەیمانان”.

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا، فەریق جەمال محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و مەترسییەکانی تیرۆریستان، دەخوازێت بەردەوام هێزەکانی پێشمەرگە سازو ئامادەبن ” لەگەڵ عێراق هەنگاوی باش چوونەتە پێشەوە و دوای پێکهێنانی دوو بنکەی سەرەکی هەولێرـ بەغدا و چوار بنکەی ناوەندی هاوبەش، کاردەکەن بۆ لێکنزیکبوونەوەی زیاتر”.

ھەواڵی زیاتر