پۆلیسی سلێمانی 3 کەسی دەستگیرکرد کە بەزۆر پارە و مۆبایلیان لە خەڵک سەندووە

بنكەی پۆلیسی ئەزمڕی سلێمانی، سێ‌ تۆمەتباری دەستگیركرد كە هێرشیانكردبووە سەر دوو هاونیشتمانی و پارەو مۆبایلەكانیان لێسەندبوون.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: دوای ئەوەی ڕۆژی 17-8-2021، دوو هاوڵاتی سكاڵایان لەبنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ تۆمار كرد كە لەشاخی ئەزمەڕو لەلایەن سێ‌ تۆمەتباری نەناسراوەوە هێرشیان كراوەتە سەرو لێیان دراوەو پارەو موبایلەكانیان لێسەندراوە، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی ناوشار-ڕۆژهەڵاتی ڕاسپارد كە هەستن بەدۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتباران.

پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا هەمان شەو تۆمەتباری یەکەم (ھ ، ف ، ع لەدایكبووی 1981 ) دەستگیربكرێت و دوای 24 سەعات تۆمەتباری دووەم (ف ، س ، ت لەدایكبوی 1991 ) دەستگیرکرا.

لێكۆڵینەوەكان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباری سێیەم بەردەوام بوو و كە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو، سەرەنجام دوای 20 ڕۆژ توانرا تۆمەتبار ( ج ، م ، س لەدایكبوی 1984 دەستگیربكرێت) كە تۆمەتبار پێشتر سزادراوە لەسەر تاوانی دزیكردن.

لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبار كە دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامەو دەستیشگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا.

لێرەوە داوا دەكەین، هەر هاوڵاتییەك لەشاخی گۆیژەو ئەزمەڕ ڕێگری لێكراوەو پارەو مۆبایلی لێسەندراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕ بكات بۆ ناسینەوەی تۆمەتباران و تۆماركردنی سكاڵا لە دژیان.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان

ھەواڵی زیاتر