لە هەولێر ژنێک هاوژینەکەی لە خەودا بە گوللە بریندار دەکات و هەڵدێت

لە گەڕەکێکی شاری هەولێر، ژنێک بە دەمانچە گولـلەیەک لە مێردەکەی دەدات لە کاتێکدا مێردەکەی لە خەودا بووە و دوای رووداوەکەش هەڵدێت.

رائیدی مافپەروەر رێباز زێوەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر رایگەیاند: “ئێوارەی چوارشەممە 8.9.2021 نووسینگەی قەڵای سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر ئاگادارکرایەوە کە بریندارێکی پیاو لە نەخۆشخانەی ئیمرجنسی هەولێرە و بەهۆی کێشەی خێزانییەوە برینداربووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە لەلایەن هاوژینەکەیەوە بریندارکراوە.

رێباز زێوەر گوتی: “رووداوەکە کاژێر 5:30ی ئێوارە بووە و پیاوەکە ( ج،م،ت ) کە لە کۆمپانیایەک پاسەوانە، گەڕاوەتەوە و لە ماڵەوە نووستووە، هاوژینەکەشی (ک،ع،ک ) بە دەمانچەکەی خۆی گولـلەیەکی لێدەدا و دواتر هەڵدێ”.

لەبارەی هۆکاری روواوەکەش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر گوتی: “پێشتر دەمەقاڵێیەکی ئاساییان بووە، بەڵام چاوەڕواننەکراوە ژنەکە کاردانەوەی بەو جۆرە بێت”.

سەبارەت بە تەندروستیی پیاوەکەش رائید رێباز گوتی: “تەندروستیی پیاوەکە جێگیرە”.

رووداوەکە لە گەڕەکی سەیداوەی هەولێر روویداوە و رێباز زێوەر دەڵێ: “ژنەکە بە دەمانچەکەوە هەڵاتووە و دادوەریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە”.

رووداو

ھەواڵی زیاتر