لێدوانێک لە مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە

لێدوانێک لەسەرچاوەیەکی مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك-ەوە:
بە نیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كەچەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراِستەی ی.ن.ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی كە ھەموو لایەک بە حزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لەرۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی .
ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە.

لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات.
سەرچاوەیەك لەمەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك

ھەواڵی زیاتر