بەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکە بۆردوومانی چەند گوندێکی سنووری پێنجوێنی کرد، قایمقامی ئەو قەزایەش رایگەیاند، ئەو بۆردوومانەی کراوە لە سنووری هەشت گوندی ناوچەکەدا بووە، دەشڵێت، بۆردوومانەکان “زیانێکی ئەوتۆیان نەبووە.”
زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن رایگەیاند، بۆردوومانەکە نزیکەی 20 خولەکی خایاندووە و لە کاژێر 06:30 خولەک دەستیپێکرد. ئەو شوێنانەی کراویشنەتە ئامانج، ناوچەی کشتوکاڵین.
قایمقامی پێنجوێن دەڵێت، هەرچەندە زانیارییەکان سەرەتایین، بەڵام “هەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەچن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بن” هاوکات “بەدواداچوونی زیاتریش دەکەین. “
لەبارەی زیانەکانی بۆردوومانەکە، زانا رەحمان ئاماژەی بەوە کرد، “زەرەر و زیانێکی وای نەبووە لە گیانی و ماددی، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ جووتیارانی ناوچەکە دروستکردووە.”
ئەو گوندانەی بۆردوومانکراون دەکەونە سەر یەک هێڵ و بریتین لە گوندەکانی: خونیانە، ئۆمەرەسێنان، بناویان، کانی میران، وریاوە، ساڵیاوە و قزڵجە. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو نێردراون، بەشێک لە بۆردوومانەکان نزیکی جووتیارەکان بوون.
رووداو