سەرکردە دیارەکانی تاڵیبان کێن؟

لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا سەرکردایەتی تاڵیبان بە شێوەیەکی نادیار ماوەتەوە، تەنانەت پێش داگیرکاری ئەمەریکاش لە ساڵی 2001، زانیارییەکان کەم و نادیار بوون کە چۆن ئەم بزوتنەوەیە لە لایەن چەند کەسێکەوە کاروباریان بە ڕێوە دەچێت.

لە ئێستادا تاڵیبان لە ھەوڵی خۆ نوێکردنەوە و پیشاندانی ڕوویەکی نوێی بزوتنەوەکەیدایە، بەڵێندان بەوەی کە لە دەژمنەکانی خۆش دەبێت، پەیمانی دروستکردنی حکومەتێک کە پێکھاتە جیاوازەکان لە خۆ بگرێت، دەرکردنی گرووپە تیرۆرستییەکان لە خاکی ئەفغانستان و ڕێگەدان بە ئافرەت بۆ ئیش کردن لە چوارچێوەی یاساکانی شەریعە. ئەمانە ھەموو ئەو مەرجانەی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانین بۆ دانپیانانی ئەم بزوتنەوەیە وەک حکومڕانی ئەفغانستان.

سەرکردایەتی تاڵیبان، چەندین شەڕکەری موجاھیدی تیدایە کە پێشتر لەلایەن ئەمەریکاوە مەشقیان پێ کراوە لە ماوەی جەنگی سارد لە دژی ھێزەکانی یەکێتێ سۆڤیەت لە ساڵانی 1980، بزوتنەوەی تاڵیبان زۆرینەی لە پێکھاتە جیاوازەکانی پەشتون دروستبووە کە لە باشوری وڵاتن.

لێرەدا باس لە حەوت کەسی دیاری ئەم بزوتنەوەیە دەکەین:

ھەیبەتوڵا ئاخونزادە: لە ساڵی 1961 لە دایکبووە، ئاخونزادە سێیەم سەرکردەی تاڵیبانە، بە بەرزترین پلە لە بزوتنەوەکەدا، پاش کوشتنی جێگرەکەی لە لایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی 2016. زیاتر بە سەرکردەیەکی ئاینی ناسراوە تا سەبازی و خۆی لە چاوی دنیا دوور گرتووە. ئاخونزادە پێشتر نەبینراوە ھەتا بووە بە سەرکردەی تاڵیبان و چەند وێنەیەکی کەمی ھەیە، دواین دەرکەوتنی بۆ پیرۆزبایی ھاتنی جەژنی ڕەمەزان بوو.

عەبدولغەنی برادەر: ڕووی گشتی تاڵیبانە و ئەگەری زۆرە حکومەتی داھاتوو بەڕێوە ببات، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئوسامە بن لادن ھەبووە و یارمەتی مەلا محمدی داوە لە دۆزینەوەی تاڵیباندا. برادەر لە ساڵی 2010 لە بەندەرێکی پاکستان لە شاری کاراچی دەستگیر دەکرێت لە ئۆپەراسیۆنێکی ھەواڵگری ئەمەریکا. زاڵمای خەلیلزاد نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان، لە میانەی گفتوگۆی ئاشتی لە ئیدارەی ترەمپ ھەوڵی ئازاد کردنی عەبدولغەنی برادەری داوە.

برادەر لە دۆحە-قەتەر ژیاوە کە تاڵیبان نووسینگەی سیاسی تێدا ھەیە، تا گەڕانەوەی بۆ قەندەھار. وەک سەرکردیەکی دیپلۆماسی تاڵیبان، لە شوپاتی 2020 ڕێکەوتنی لەگەڵ ئیداری ترەمپ کرد، کە تێیدا کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆی بۆ تاڵیبان بەردەست خست. ھەروەھا سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی لە تایژین کۆبۆتەوە.

سیراجودین ھەقانی: ڕێکخەری گرووپی تێرۆرستی، سەرکردەی تۆڕی ھەقانی، لە نێوان وڵاتانی ئەفغانستان و پاکستان جموجۆڵی ھەبوە و سەرپەرشتی کاروباری دارایی و سەربازی کردوە، دیار نیە کە ئەمەریکا چۆن ماماڵە لەگەل تۆڕی ھەقانی دەکات لە میانەی گفتوگۆکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تاڵیبان. لە ساڵی 2014 براکەی لە لایەن ئەمەریکاوە لە بەحرەین دەستگیرکراو گواسترایەوە بۆ زیندانی باگرام، دوای چوار ساڵ لە گۆڕینەوەی ھەندێک زیندانی ئازاد کرا.

محمد یائقوب: کوڕی مەلا محمدی دۆزەرەوەی تاڵیبانە، ھەر بۆیەش بە کەسێکی سەرەکی دادەنرێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری تاڵیبان. زانیاری زۆر کەمی لەسەر ھەیە و دەگوترێت لە وڵاتی پاکستان خوێندویەتی و ئێستا لە ئەفغانستان دەژی، ھەروەھا لەگەڵ سیراجودین ھەقانی سەرپەرشتی ھێزی سەربازی تاڵیبان دەکات.

عەبدولحەکیم حەقانی: دانوستاندکار، دەگوترێت زۆر نزیکە لە ھەیبەتوڵا ئاخونزادە، ھەقانی سەرپەرشتی وەفدی دانوستاندکار دەکات بۆ گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئیدارەی پێشوی حکومەتی ئەمەریکا. ھەروەھا ڕاگری ئەنجومەنی قوتابخانەیەکی دینیە.

شیر محمد عباس ستانکزی: جیاواز لە سەرکردەکانی دی، ستانکزی بە زمانی ئینگلیزی پاراو قسە دەکات و لە ماوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 1996 وەک وەزیری دەرەوەی تاڵیبان گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات کردووە. لە ئەرکێکی مەیدانیدا سەردانی واشنتۆنی کردووە بۆ ناساندنی حکومەتی تاڵیبان بە ئیداری بیڵ کڵینتن. نوێنەرایەتی وەفدەکانی تاڵیبانی کردووە بۆ وڵاتێ چین. ستانکزی نوینەری عەبدولحەکیم حەقانییە بۆ دانسوتاندنە فەڕمییەکانی حکومەت.

زەبیحوڵا موجاھید: وتەبێژی فەرمی، سەرەتای ئەم ھەفتەیە موجاھید، سەرپەرشتی یەکەم گۆنگرەی ڕۆژنامەوانی تاڵیبانی کرد لە کابوڵ، دەورێکی سەرەکی ھەیە لە گەیاندنی پەیامەکانی تاڵیبان بە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی. لە ماوەی 20 ساڵ جەنگدا، لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و کورتە نامەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ھەماھەنگی ھەبووە، کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی 17 ئاب، یەکەم جاربوو خۆی پیشانی جیھان بدات.

ھەواڵی زیاتر