دیوە شاراوەكانی پشت ڕووداوە سیاسییەكان
سیاسەت جیا لە دیوە ئاشكرا و دیارەكەی كە نمایشی دەكات، چەندین دیوی نهێنی وشاراوەی هەیە، ئەسڵی بابەتەكانیش لە دیوەشاراوەكانن، كە واتە هەر ڕووداوێكی سیاسی كە ڕوودەدات، پێشتر بەشی هەرە زۆری پڕۆسەكە بەرنامەرێژكراوە، یەكلاكراوتەوە!!
واتە هیچ شتێك لەخۆوە ڕوونادات یاخود مەسەلەكە بەهێزی و لاوازی یاخود گەندەڵی و شەفافی یاخود دیموكراسی بوون و كۆنەپەرستی گروپێك نیە لەبەرامبەر گروپێكی تردا.
لەگەڵ ئەوەی هەر ڕووداوێكی سیاسی كە ڕوودەدات چەندین هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی و شاراوە و و نهێنی هەیە، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، ئەوەی گرنگە زلهێزەكان چییان دەوێت؟ دەیانەوێت كێ لەدەسەڵات بێت؟ كێ بروات؟ هەتاكەی لەدەسەڵات بێت؟ بە چ جۆرێك؟ چ سیستەمیك پەیڕەوبكرێت؟ كەوایە لەپشت هەر كودەتایەك، هەر شۆڕشێك، هاتنە سەردەسەڵاتی هەر گروپ و سەرۆكێك، هەر ڕوداوێكی سیاسی، سەربازی، گرنگترین مەسەلە ئەوەیە كە زلهێزەكان چییان دەوێت؟ بەرژەوەندیان چیە؟ چەندە؟ بۆچی ئەو گرووپە؟ بۆچی لەو كاتە؟ بێگومان بۆ ئەمەش دەوڵەتە زلهێزەكان پلانی كورت مەوداو و ستراتیجی دوورمەودایان هەیە.
كە واتە ئەوەی ڕوودەدات دەبێت بەپێ پلان، ستراتیج، بەرژەوەندی زلهێزەكان بێت، كە واتە لابردنی سەرۆكێك یاخود گروپێك و گۆڕێنی بە گروپێكی تر یاخود گۆرێنی كۆی پرۆسەی سیاسی وڵاتێك، لەپێناو خزمەتكردنی ئەو وڵاتە و ئەو نەتەوەیە نییە! بەڵكو بەشی هەرە زۆری بابەتەكە ئەوەیە كە زلهێزەكان بەرژەوەندیان لەوەدایە.
ئەگەر سەیری مێژووی حەفتا ساڵی ڕابردووی بەشی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم بكەین، دەبینین هەموو ئەو دەوڵەتانەی لەو ماوەیە دروست بوون یاخود بەشی هەرە زۆری ئەو سەرۆك و گروپ و حكومەتانەی لەو ماوەیە دروست بوون وهاتنە سەر دەسەڵات، تەنیا رۆڵێكی كارتونیان بینیوە لە یارییە سیاسیەكانی وڵاتە زلهێزەكان!
بەشێوەیەك بەشی هەرە زۆری وڵاتانی جیهانی سێیەم بە گەور و بچوكیانەوە لەژێر هەر جۆرە سیستەمێكی سیاسیدابووبن، جگە لەوەی ئامرازێكن بۆ بەرژەوەندی وڵاتەزلهێزەكان كەسەركردایەتی سیاسەتی نیودەوڵەتی دەكەن، هیچ ڕۆڵێكی ئەوتۆیان نییە،
هەربۆیەش مێژووی ئەو حەفتا ساڵەی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵیت كە زلهێزەكان نەك چارسەرەیك بەڵكو خۆیان بەشی هەرە زۆری ئەو نەهامەتی و كێشە و قەیرانانەیان دروست كردووە، كەوایە ئەو كارەكتەرانەش كە وڵاتە زلهێزەكان دایان دەنێن و دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنن كە دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە بگرنەدەست، جا گروپی ئاینیی بن یاخود تەقلیدی یاخود مودێرن، ناتوانن چارەسەرێكی گشتی بۆ كێشە و قەیرانەكانی وڵاتەكانیان و نەتەوەكانیان بدۆزنەوە.
تەنانەت زۆربەی جار كێشە وقەیرانەكان ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبنەوە! نموونەی ئەفغانستان،عیراق…
كە واتە زلهێزەكان چارەسەرێكیان پێ نیە بۆ دۆخی ئەو وڵاتانە! تەنیا ململانێ و بەرژەوەندی و سیاستەكانی خۆیان پراكتیزەدەكەن.
لەژێر ئەساسی ئەوەی كە وتمان دەتوانین بڵێن كەبەشی هەرە زۆری ئەو گۆڕانكاری و شۆڕش و هاتنە سەردەسەڵاتی ئەو سەرۆك و گروپانە دەرئەنجامی پلان و ستراتج و ململانێ و بەرژەوەندی وڵاتەزلهێزەكانە! نمونەی ئەفغانستان وعێراق: دروستکردنی
عێراق و پراکتیزەکردنی سیستەمی پاشایەتی لەعێراق و ھێنانی شا فەیسەل و کردنی بەپاشای عێراق!!هێرشكردنە سەر عێراق لەساڵی (2003)ز دواتریش لەناوبردن(سەدام حسین) و رژێمەكەی لەعێراق.
هێرشی ئەمریكا بۆسەر ئەفغانستان لەساڵی (2001)ز دواتریش لابردنی تالیبان لەدەسەڵات.
پاشانیش لەساڵی ٢٠٢٠وە دەست پێ کردنی
دانوستان و گفتوگۆکردنی ئەمریکا لەگەڵ تالیبان !!
دواتریش لە تمموزی ٢٠٢١کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لەئەفغانستان
و هەڵكردنی گلوپی سەوز
لەلایەن ئەمریكاوە بۆ تالیبان گەڕانەوەی تالیبان و كۆنترۆل كردنەوەی ئەفغانستان لەچەند رۆژێكدا!!
بەھرۆز عزت