سندوقی دراوی نێودەڵەتی ڕایگەیاند، کە ھەستاون بە ڕاگرتنی ھەژماری وڵاتی ئەفغانستان دوای ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوخۆی وڵاتەکە ڕوویدا و گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن تاڵیبانەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە وا دانرابوو ھەفتەی داھاتو 460 ملیۆن دۆلار بنێردرێت بۆ ئەفغانستان، ئیدارەی جۆ بایدن ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتە گەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەم بڕە پارەیە نەگاتە دەستی تاڵیبان.
وتەبێژی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش رایگەیاند: “لە ئێستادا بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕوون نیە کە حکومەتی ئەفغانستان چی بەسەر دیت، دەرئەنجام ئەفغانستان ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەم بڕە پارەیە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بڕیارە بە ڕاوێژی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دراوە”.
پێشتریش وەزارەتی دارایی ئەمەریکا بە فەڕمی ڕایگەیاندبوو کە ڕێگە نادەن تاڵیبان ئەم بڕە پارەی پێ بگات.
سنوقی دراوی نێودەوڵەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی دامەزراوە کە 190 نەتەوە تێیدا ئەندامن، ئەم دامەزراوەیە بڕی 650 بلیۆن دۆلاری بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان کردەووە. لەم بڕە بەشی وڵاتی ئەفغانستان 460 ملیۆن دۆلارە کە وا بڕیاربوو ھەفتەی داھاتوو بنێردرێت.