لیوا ئەیووب یوسف، فەرماندەی پێشمەرگەی یەکێتی کە سەرپەرشتیاریی دوو لیوای کۆسرەت رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەکات، لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر وەرگرتنی دەمانچەیەک بە دیاریی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەندین نهێنیی لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن لاهوور جەنگی، هاوسەرۆکی لەدەسەڵاتخراوی یەکێتی ئاشکرا دەکات.
لە روونکردنەوەکەیەدا، لیوا ئەیووب یوسف، باسی لە وەرگرتنی دەمانچەیەک کردووە لەبەرامبەر بەو خزمەتەی، کە بە یەکێتیی کردووە و قوربانیی بۆی داوە، هەروەها پەردەی لەسەر گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و سامانی خەڵک لەلایەن لاهوور جەنگی و دەوروبەریەوە لاداوە و دەڵێت :”لە ماوی کەمتر لە ٧ مانگدا، بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلار لە حسابی حزبەوە بۆ گیرفان و کەسانێکی دیاریکراو ڕۆیشتووە و کەس قسە ناکات! خانوویەکیان بە بڕی ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار لە چاوتروکانێکدا بۆ کەسێکی نزیکی خۆیان کردووەتە دیاری! ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندەکانی نزیک لە خۆیان، مانگانە زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن دینار نەسریەیان وەرگرتووە!”.
لیوا ئەیووب لەسەر روونکردنەوەکەی بەردەوام دەبێ و دەپرسێ: ”بۆچی کڕینی سەیارەی درع و دوامۆدێل بۆ سەرکردایەتیی نزیک خۆیان شتێکی ئاساییە! کڕینی ١٣٥ چەکی جۆری ئێم فۆڕی ئەمریکی بۆ تاکە کەسێک کە بە نامەی واتس ئەپ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی، ئاساییە! سەرفکردنی نەسرییەی مانگانە بە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دینار ئاساییە! قاچاخچێتی و مافیایەتی و گرتن و ئازاردانی خەڵک و ڕفاندنی هاووڵاتییان ئاساییە! هەموو ئەمانە و تەخشان و پەخشانکردنی پارە و سەروەت و سامانی میللەت لەلایەن هاوسەرۆكی (لەدەسەڵاتكراو) بۆ مەرامی کەسی و چواردەوری خۆی ئاساییە، بەڵام بۆ ئێمە وەرگرتنی دیارییەکی بچووک لەپای خەبات و قوربانیدان حەرام و نەشیاوە؟“.