سێ ڕێستورانتی دیاری سلێمانی داخران

به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن، قائیمقامیه‌تی سلێمانی هه‌رسێ ریستۆرانتی (عه‌سیر تایم، ماڵی سێوه‌ و رۆیال هۆڵیده‌ی) داده‌خات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (2021.8.12) لیژنه‌ی ریستۆرانت راپۆرتی كاروچالاكی شه‌وی رابردوی خۆی پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی كردوه‌ و تیایددا هاتوه‌؛ به‌هۆی پابه‌ندنه‌بون به‌ مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری و رێنماییه‌كانی دیكه‌ی كاركردن لیژنه‌كه‌ هه‌رسێ ریستۆرانتی عه‌سیر تایم، له‌ گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری و ماڵی‌ سێوه و رۆیاڵ هۆڵیده‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار داخستوه‌.

له‌راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌رو: له‌كاتی سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ بۆ هه‌رسێ ریستۆرانته‌كه‌ ده‌ركه‌وتوه‌ كه‌ پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كان به‌ گشتی و به‌تایبه‌تی ته‌ندروستی نابن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رپێچییه‌كان كه‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی و له‌كاتی پابه‌ندنه‌بونی هه‌ر شوێنێك روبه‌ڕوی داخستنی ده‌كاته‌وه‌.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ سه‌رپێچییه‌كانی ریستۆرانته‌كان نه‌بونی مۆڵه‌تی پیشه‌یی و ته‌ندروستی كارمه‌نده‌كانیانه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی كاركردنه‌، مۆڵه‌ت بنه‌مای كاركردنه‌ له‌ سه‌رجه‌م پیشه‌ جیاوازه‌كاندا، هه‌ر پیشه‌ و به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی خۆی پێویسته‌ له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار شوێنه‌كه‌ و كارمه‌نده‌كانی مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت، پاشان ده‌ست به‌كاركردن ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی ریستۆرانت ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردوه‌، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی هه‌رسێ ریستۆرانتی (عه‌سیر تایم، مالی سێوه‌ و رۆیال هۆڵیده‌ی) داده‌خات و خاوه‌نه‌كانیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌، له‌كاتی هه‌بونی سكاڵا یان پێدانی زانیاری به‌ قائیمقامیه‌تی سلێمانی و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، په‌یوه‌ندی به‌ مۆبایلی ژماره‌ (07708677777)ـه‌وه‌ بكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر