مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرۆكایەتی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی كۆبوویەوەو گفتوگۆ لەسەر تەوەرەكانی چاكسازی حزبی و حكومی و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كراو كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانەی لەبواری چاكسازی نراون دەربڕی.
راگەیەنراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی
ئەمڕۆ رۆژی 11-8-2021 مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی هاوسەرۆك هەڤاڵ تاڵەبانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لەشاری سلێمانی كرد.
لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر تەوەرەكانی چاكسازی حزبی و حكومی و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرا.
كۆبوونەوەكە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانەی لەبواری چاكسازی نراون دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی كردەوە، چونكە دەبێتە سەرمایەكی مەعنەوی و بەرجەستە بۆ سیاسەتی راست و رەوای یەكێتی لەخزمەتی كۆمەڵانی خەڵكدا.
لەتەوەری هەڵبژاردندا هەڵسەنگاندنی ئیجابیانە بۆ بەرنامەو كۆششی میحوەرەكانی هەڵبژاردن لەسەرجەم شارو پارێزگاكاندا كرا، تەئكید لەسەر جێبەجێكردنی سیاسەت و بەرنامەی هاوپەیمانی كوردستان كە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتیە كرایەوە.
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەروەها بەبایەخەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو لێكتێگەیشتنانە كرد كە لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسیەكانی تردا كراون، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكەشێكی ئارام و دیموكراسیدا بەڕێوەبچن.