وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، لەئێستادا ڕۆژانە 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدەن، دەشڵێت، قەرزەکانی سەر هاوبەشانی کارەبا دەکرێتە قیست، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.
لە ڕآگەیەنراوێکدا ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند، “لەئێستادا رۆژانە 14 بۆ 15 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دەدرێت، وەزارەتی کارەبا 3500 تا 3600 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا نزیکەی 5000 مێگاواتە.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “خەرجیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان مانگانە 85 ملیۆن دۆلارە، قەرزەکانی سەر هاوبەشانی کارەبا دەکرێتە قیست، بۆ ئەوەی بتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە.”
ئەوەشی خستوووەتەڕوو، “پێوەری زیرەک، زێدەڕۆیی سەر کارەبا چارەسەر دەکات و هیچ هاوبەشێکی کارەبا ناتوانێت دەستکاریی پێوەری زیرەک بکات و بە پێی پێوەرەکە دەتوانێت تا 40 ئەمپێر کارەبا بەکار بێنێت.”
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزیی خواست لەسەر کارەبا لە هەرێم ئەوەیە کە ئەو ئامێرانەی بۆ کوردستان هاوردە دەکرێن بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێپەر نابن و کارەبایەکی زۆری بۆ کارپێکردنیان پێویستە.”
جەختیشیکردووەتەوە، “پێویستە ئەو ئامێرە کارەباییانە هاوردە بکرێن کە کارەبایەکی کەم بەکار دێنن.”