بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لەکاتی بەدواداچوون بۆ دزینی ماتۆڕسکیلی هاووڵاتیان، تۆمەتبارێک دەستنیشانکراوە، لەکاتی هەوڵی دەستگیرکردنیشیدا تەقەی لە پۆلیسی هاتووچۆ کردووە و کارمەندێکی بریندار کردووە.
رووداوەکە کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لە هەژماری خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو تۆمەتبارەی تەقەی کردووە، “بەر لە راکردنیشی، بە هاوکاریی ئاسایش دەستگیرکراوە.”
لە بەشێکی روونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێر هاتووە، “لەدوای دووبارەبوونەوەی دیاردەی دزینی ماتۆڕسکیلی هاووڵاتیان لە بەردەم بەشی مۆڵەتی شۆفێری، بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکە، ئەمڕۆ پلانێکی تۆکمە دانرا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە لە کاتی ئەنجامدانی دزییەکە کە چەند کارمەندێکی هاتووچۆ لە بەشی مۆڵەت کارەکەیان پێسپێردرا.” تۆمەتبارەکە لەکاتی هەوڵی پۆلیسی هاتووچۆ بۆ دەستگیرکردنی، وەکو لە راگەیێندراوی هاتووچۆی هەولێردا هاتووە، “بە دەمانچە تەقەی کردووە و بەهۆیەوە کارمەندێکی هاتووچۆ برینداربوو.” تۆمەتبارەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. هاتووچۆ داوا لەو کەسانە دەکات کە لە ماوەی رابردوو ماتۆڕسکیلیان لێدزراوە، سەردانی ئاسایش بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا.
رووداو