دوای بێدەسەڵاتکردنی لاهور شێخ جەنگی و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکانی لەلایەن هاوسەرۆکەکەی بافڵ تاڵەبانیەوە، بڕیارە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەست بە گەڕێکی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان بکات و بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
ئەم کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە، لەدوای بێدەسەڵاتبوونی لاهور جەنگی، بە یەکەم هەوڵی توانەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی دێت کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە دروستبووە.
بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، سبەی یەک شەمە یان سەرەتای ئەم هەفتەیە بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات و کۆدەبنەوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، سبەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ ئەنجومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەم کۆبوونەوانەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ و قوباد تاڵەبانی، بۆ ئەوەی کە یەکێتییەکی نوێ بونیاد بنێنەوە دوای بێدەسەڵاتکردنی لاهور جەنگی، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێتی پەیوەندییە سیاسییەکانی لە ئاستی پێویستدا نەبوون.
لە چوار ساڵی ڕابردودا پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هیچ کۆبونەوەیەکی فەرمیدا لەگەڵ لاهور جەنگی کۆ نەبووەتەوە و ئامادە نەبووە پێشوازی لە براکانیشی بکات. بەڵام چەند جارێک پێشوازیان لە بافڵ تاڵەبانی کردووە.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر