فراكسیۆنی پارتی: كۆڵنه‌دانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئارامگرتنی هاووڵاتییان گه‌یاندینیه‌ ئه‌م قۆناغه‌

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مان، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕای گه‌یاند كۆڵنه‌دانی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی و هاووڵاتیان، گه‌یشته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕای گه‌یاند مووچه‌ به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێ.

له‌ دوای ئه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 25/7/2021، ڕای گه‌یاند ئه‌م مانگه‌ مووچه‌ به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێ، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مان، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌: هاونیشتیمانیانی کوردستان،هەموو لایەک دەزانن هەرێمەکەمان لەماوەی ڕابردوو بەدۆخێکی ناخۆشی داراییدا تێپەڕی، چەندین تەنگەژەو بەربەست لەبەردەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون، هەندێکیان دروست کران و هەندێکیان هەموو جیهانی گرتبووه‌وە، بەڵام ئارامگرتنی هاونیشتیمانیان و کۆڵنەدانی بەڕێز سەرۆک وەزیران و ئەندامانی کابینەکەی، ئەوەی لێکەوتەوە کە ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی حکوومەت ڕایبگەیەنێت کە مووچەی هاونیشتیمانییان  بەتەواوی دەدرێت.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا سوپاسی سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ كراوه‌ “لێرەوە سوپاسی بەڕێز سەرۆکی حکوومەت و تەواوی ئەندامانی کابینەکەی دەکەین، بۆ ماندووبوونیان لە ماوەی ڕابردوودا و پشوودرێژییان لە چارەسەری کێشەکان، داواکارین بەردەوام بن لە چاکسازی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستاندا و ئێمەش پاڵپشتیکاری کارنامە و کارە باشەکانیانین لەپێناو خزمەتکردنی میللەتەکەمان”.

ھەواڵی زیاتر