میدیای یەکێتی: هیچ سەركردەیەكی سەربازی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا نەماوە

میدیایەکی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای دەکات کە هیچ سەرکردەیەکی سەربازی یەکێتی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا نەماوە.
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی دەڵێت، نەبوونی هیچ كاردانەوەیەك لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەهۆی ئەوەیە كە هیچ بەرپرس و سەركردەیەكی سەربازیی یەكێتیی لەگەڵ نەماوە، لە ئەنجومەنی سەركردایەتیشدا كەمینەیەك نەبێت، كەسی لەگەڵ نەماوە.

لە پەیامەكەی شەوی ڕابردوودا، كە بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاویكردەوە، لاهور شێخ جەنگی واینیشاندا، كە بۆ دروستنەبوونی گرژی و ئاڵۆزی و زیاننەگەیاندن بە یەكێتی كاردانەوەی نەبووە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، نەبوونی كاردانەوە پەیوەندیی بەوەوە هەیە، كە هەموو هەوڵەكانی بۆ كۆكردنەوەی پشتگیری شكستیانهێناوە.

سەرچاوە باڵاكە ئاشكرایكرد، لاهور شێخ جەنگی هەوڵی كۆكردنەوەی فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتیی داوە و پەیامی بۆ ناردوون، بەڵام كەسیان وەڵامدانەوەیان نەبووە و بێوەڵام هێشتوویانەتەوە، بۆیە ئێستا هیچ فەرماندە و سەركردەیەكی سەربازیی لەگەڵ نەماوە.

نەك هەر فەرماندە و سەركردە سەربازییەكان، بەڵكو لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیشدا ئەندامانێكی زۆر كەمی ئەنجومەنەكە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگیدا ماون، كە سەرچاوە باڵاكە بە “كەمینەیەكی زۆر كەم” ناویبردن.

بۆیە سەرچاوە باڵاكەی یەكێتی پێیوایە، دەرەنجامەكانی لێكۆڵینەوە و بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لەبارەی گۆڕانكارییەكانەوە هەر بەو ئاراستەیە دەبن كە بڕیاریان لێدراوە و گەڕانەوەی بۆ نییە، چونكە چیتر بەكارهێنانی هێز و دەسەڵات بۆ تۆقاندن، هەڕەشە، وەرگرتنی سەرانە، قاچاخچێتی و لێدان لە هاوحزبەكان قبوڵكراو نیە.

ئێستا

ھەواڵی زیاتر