ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تەمووزی 2021 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بریندێر سینگ یاداڤ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە سوبحان سی کاین، کونسوڵی هیندستان لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق پێزانینی بۆ خەبات و رۆڵی سەرۆک بارزانی هەبوو لە مێژووی گەلی کوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی رۆڵی سەرۆک بارزانی و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و تێکشکاندنی داعش.
هەر لەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێکی هەمەلایەنەی جیهانیی پێویستە. لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عيراق و تەحەدیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوو کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان تەوەرێکی تری ئەو کۆبوونەوەیە بوو و هەردوولا هیوایان خواست ئەو پەیوەندیانە لە بوارە جۆراوجۆرەکان فراوانتربن.
جێگەی ئاماژەپێدانە باڵیۆزی هیندستان بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و سەرۆک بارزانی وێڕای سوپاسگوزاری هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی زیاتر